کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاشم سەفیەدین وەک جێگرەوەی نەسروڵڵا و ڕێبەری نوێی حیزبوڵڵا هەڵبژێردرا

10:47 - 9 رەزبەر 2724

کاناڵی ئەلعەرەبییە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر ڕایگەیاند هاشم سەفییەدین یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن شۆرای ڕێبەریی ئەم گرووپەوە وەک جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا هەڵبژێردرا.

هاشم سەفییەدین کوڕە پووری حەسەن نەسروڵڵا و باوکی ڕەزا سەفییەدین هاوسەری زەینەب سلێمانی کچی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانە.

هاشم سەفییەدین ماوەیەک لە "حەوزەی عێلمییە"ی قوم خوێندویەتی و وەک یەکێک لە پشتیوانانی ئیدۆلۆژی "ویلایەتی فەقێ" دەناسرێت.

سەفییەدین پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ تاراندا هەیە و ڕۆڵێکی سەرەکیی لە سیاسەتەکانی حیزبوڵڵا بەتایبەتی لە بەشی ئەمنییەتی ئەم گرووپەدا هەیە.

ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٧ خراوەتە نێوە لیستەی تێرۆریستیی ئەمریکا و عەرەبستان و هاوشێوەی ئاخوندە توندئاژۆکانی تاران خوازیاری لەنێوچوونی ئیسرائیلە.

نەبیل قاووق ئەندامی شۆرای ڕێبەریی حیزبوڵڵا یەکێکی دیکە لەو کەسانە بوو کە ئەگەری بوو پاش حەسەن نەسروڵڵا وەک ڕێبەری ئەم گرووپە هەڵبژێردرێت بەڵام ناوبراو ڕۆژی شەممە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت کوژرا.