ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر مارکۆ ڕۆبیۆ سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لە پۆستێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی، کوشتنی حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە "خزمەتکردن بە مرۆڤایەتییە".
ناوبراو گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی خۆی لەگەڵ کەناڵی "ئێم ئێس ئێن بی سی" بڵاو کردەوە، کە تیایدا باس لەوە دەکات نەسروڵڵا کەسێک بوو کە بە خۆشحاڵییەوە داوای مەرگی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرد. ئەگەر کەسێک هەبێت ڕێکخراوێک بەڕێوە ببات کە ئامانجی لەناوبردنی تۆیە، ئەوا هیچ بژاردەیەکت نییە جگە لەوەی وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ بکەیت و ڕووبەڕووی ببیتەوە.
هەروەها نوێنەری فلۆریدا لە سێنای ئەمریکا زیادی کرد، نەسروڵڵا ئەو کەسە بوو کە دەیان ساڵە بە ئەنجامدانی تەقینەوە خۆکوژییەکانی بووەتە هۆی کوژرانی خەڵکی بێتاوان، یان بە هاندانی بۆ بەبارمتەگرتنی ئیسرائیلییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی دەیان هەزار ئیسرائیلی لە ماڵەکانیان دوور بکەونەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ وڵاتێک ئەم شتانەی بۆ قەبوول ناکرێ.
هەروەها لە بەشێکی دیکەدا، ڕۆبیۆ یاسادانەر و پەرلەمانتاری کۆماریخوازی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی ئیسرائیل دروستکردنی ناوچەی پارێزراوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، و ئاماژەی بەوەش کرد کە حیزبوڵڵا دژی کشانەوە و وەستاندنی هێرشەکانی سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە باکووری ئیسرائیلە.