کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادیی کاتیی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا بە دانانی بارمتە

11:41 - 11 خەرمانان 2724

محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە دەسبەسەرکراوانی شۆرشی ژینا بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە لە ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کراوە و ڕۆژی شەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٣، مۆبایلەکەی ڕادەستی خۆی کراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە.

محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، محەممەڕەزا قەیتەرانی خەڵکی گوندی "گردیاقووب" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

پیشتر لە ڕۆژی یەکی ڕەزەری ١٤٠١دا، محەممەدڕەزا قەیتەرانی کوڕی جەلال لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە مەیدانی "ئیستقلال"ی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو پاش چەند ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەکانی مەهاباد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا. لە کۆتاییدا پاش دوو مانگ دەسبەسەرکران لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.