کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای گەمارۆکانی بریتانیا، ڕێژیمی ئێران کاردارێکی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتەی بانگ کرد

10:44 - 14 خەرمانان 2724

لە کاردانەوە بە گەمارۆ نوێیەکانی بریتانیا دژی کۆماری ئیسلامی، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، کارداری باڵیۆزخانەی بریتانیای لە تاران بانگ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەرمانان، دەوڵەتی بریتانیا سێ کەس و دامەزراوەیەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە تۆمەتی چالاکیی ناسەقامگیرانە دژ بە ئیسرائیل، بریتانیا و وڵاتانی دیکە بە لیستی گەمارۆکانی خۆی زیاد کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ماڵپەڕی حکوومەتی بریتانیا، حەمید فازڵی، عەبدولفەتاح ئەهوازیان و بێهنام شەهریاری خراونەتە نێو لیستی سزا نوێیەکانی بریتانیا و بەو پێیە سەردانکردن و گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەیە، هەروەها سەروەت و سامانیان لەلایەن بریتانیاوە دەستی بەسەردا گیراوە و بلۆکە کراوە.

هەروەها بەپێی سزا نوێیەکانی بریتانیا، ئەگەر یەکەی ٧٠٠ی سپای قودسی ڕێژیم لەم وڵاتەدا سەروەت و سامانی هەبێت، بلۆکە دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، بەرپرسی بەشی سێیەمی ڕۆژاوای ئورووپا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەو سزایانە بە پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی بریتانیا سەبارەت بە ئامادەییان بۆ هاوکاری و کارکردن دەزانێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها پشتیوانی بریتانیای لە ئیسرائیل بە هۆکاری ناسەقامگیری و نائەمنی لە ناوچەکە ناو بردووە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیشدا بریتانیا شەش کەس و دامەزراوەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێرانی خستبووە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.