کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان خەریکی پیلانگێڕانە

11:59 - 9 رەزبەر 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە باوەڕی مەزهەبیی خەڵک لە ناوچەی خوارووی کوردستان، لە هەوڵدایە کە بەسیجە بەکرێگیراوەکانی خۆی ڕەوانەی شەڕی لوبنان دژی ئیسرائیل بکات.

ڕێژیم جیا لە بەسیجەکان، بە هاندانی خەڵكی ئەم ناوچەیە خەریکی ناونووسینە تاکوو بتوانێ هێزی مرۆیی بەتایبەت لە کوردستانەوە و لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستانەوە ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ بکات.

ڕێژیم لەم هەوڵەدا بە کەڵکوەرگرتن لە باوەڕی مەزهەبیی شیعە لە هەوڵی دروستکردنی کەلێن لەنێوان خەڵکی کوردستانە.

ناوچەکانی خوارووی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر زیاتر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرشەکانی ڕێژیم و بە بەردەوامی هەوڵ دراوە کە لە ڕێگەی جیاوازی وەک کەڵکوەرگرتن لە زمان و فەرهەنگ و بەتایبەت مەزهەب لە بەشەکانی دیکە دایانببرێت.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم بۆ دابڕینی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە باقی بەشەکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە درێژەی بزووتنەوەی ژینادا، ئەم پارێزگایانە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لەم بزووتنەوەی کرد و جیا لەمەش سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم بە هۆی چالاکیی خەڵک لە بوارە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگی، هونەری، کۆمەڵایەتی و ... بەردەوامە.