کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی کوژراوانی ڕووداوەکەی کانگای تەبەس گەیشتە ٥١ کەس

12:07 - 9 رەزبەر 2724

لەگەڵ مەرگی مێشکی یەکێکی دیکە لە قوربانییەکانی ڕووداوی کانگای خەڵووزەبەردینەی تەبەس، ژمارەی ئەو کەسانەی لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەست داوە گەیشتە ٥١ کەس.

لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، واتە ٣١ی خەرمانان تەقینەوەیەک بەهۆی دزەی گازی مێتان لە یەکێک لە توونێلەکانی کانگای خەڵووزەبەردینەی تەبەس ڕووی دا کە ٥٠ کرێکاری کانگاکە کوژران و ٢٠ی دیکەش بریندار بوون.

‌ چەند ڕۆژ لەمەوبەر قوربانییەکی دیکەی ئەم ڕووداوە بەهۆی مەرگی مێشکەوە گیانی لەدەست دا و بە ڕەزامەندیی بنەماڵەی ئەندامەکانی جەستەی ئەم کرێکارە بەخشران. بەمەش ژمارەی گیانلەدەستداوانی ڕووداوەکە بۆ ٥١ کەس زیادی کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی لایەنە پێوندیدارەکانی ڕێژیم، ٥٨ کرێکار لەو توونێلەدا بوون کە تەقیوەتەوە، بۆیە ئەگەری هەیە ڕێژەی کوژراوان لە ٥١ کەس زیاتر بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانی پارێزگای خوراسانی باشوور، کۆمپانیای کانگا بۆ هەر یەک لە قوربانییانی ڕووداوەکە ٢٠٠ ملیۆن تمەن و بۆ هەر بریندارێک ٥٠ میلۆن تمەنی دەستنیشان کردووە و خستوویەتە هەژماری ئەمانەتی دادگوستوریی تەبەسەوە.

ئەمەش لەحاڵێکدایە کە ڕۆژنامەی شەرق، لە زاری ئەندامێکی بنەماڵەی کرێکارێکی قوربانی بڵاوی کردووەتەوە کە خۆیان پارەی گواستنەوەی تەرمی ئازیزەکانیان داوە و خۆیان ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆنیان داوە تاکوو تەرمەکانیان ببەنەوە ماڵەوە. تەنانەت ژوورێکی ساردخانەشیان پێ نەداون و تەنیا چەند سەهۆڵێکیان پێداون تا بیخەینە سەر تەرمەکانیان.

ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕووداوی لەم چەشنە لە ئێراندا نووسیویەتی کە ئەمە ١٣ـەمین ڕووداوی لەم چەشنە تەنیا لە ٦ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا بووە کە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی کردووەتە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆییەکانی ئێران ڕێژەیەکی کەم لە کانگاکانی ئەم وڵاتە ڕێوشوێنی پاراستن و بەرگریکارییان تێدا ڕەچاو کراوە و بەم هۆیەوە گیانی هەزاران کرێکار لە مەترسیدایە.

نەبوونی کەرەستەی بەڕۆژ و پێویست، کەم ئەزموونی و هەروەها نەبوونی چاوەدێریی دروست و پێویست هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی کانگاکا لە ئێران بە ئەژمار دێن.