کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن و سووریە هاوکات لەگەڵ بۆردومانی چڕی لوبنان

16:00 - 9 رەزبەر 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر هاوکات لەگەڵ بۆردومانی چڕی لوبنان، ئەرتەشی ئیسرائیل بە چەند فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٥ هێرشێکی قورسی بۆ سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن ئەنجام دا.

پاش دوو ڕۆژ لە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕۆژی ڕابردوو فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بەندەری ڕەئس عیسا و بەندەری حودەیدەی یەمەنیان بوردومان کرد.

ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بەم هێرشە ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییانەی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دراوە و وزەخانە و کۆگاکانی نەوتی حوسییەکان کراوەتە ئامانج.

حوسییەکانی یەمەن پاش دەسپێکی شەڕ لە غەززە چەند جار بە مووشەک و دڕۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و هەروەها دەیان کەشتی بارهەڵگر و نەوتکێشیان لە دەریای سوور بەبیانووی پشتیوانیکردن لە حەماس کردە ئامانج.

هەروەها لە هێرشێکی دیکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا ناوچە سنوورییەکانی سووریە لەگەڵ لوبنان کرانە ئامانج.

زانیارییەکان لە پارێزگای "حومس"ی سووریە باسیان لەوە کردووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل چەند پرد و ڕێگەی نێوان سووریە و لوبنانیان لەنێو بردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن، سووریە، غەززە و بەتایبەتی لوبنان چڕتر بووەتەوە و ژمارەیەکی دیکە لە ڕێبەران و فەرماندە باڵاکانی گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.

پاش هێرشی تێرۆریستیی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی رابردوو و کوشتنی ١٢٠٠ کەس و هەروا بەبارمتەگرتنی نزیک بە ٢٥٠ کەسی دیکە، ئەرتەشی ئیسرائیل بەمەبەستی ئازادکردنی بارمتەکان و لەنێوبردنی حەماس هێرشی کردە سەر غەززە.

لەو کاتەوە بەتایبەتی حیزبوڵڵای لوبنان و میلیشیاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و لەهەمبردا ئیسرائیلیش هێرشی بەردەوامی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەم گرووپانە.

حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس، حووسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە پشتیوانی ماڵی و سەربازییان لێ دەکرێت.