کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی خەڵکی ئێران بە کوژرانی نەسروڵڵا خوشحاڵن؟

16:10 - 9 رەزبەر 2724

بۆچی خەڵکی ئێران بە کوژرانی نەسروڵڵا خوشحاڵن؟

مەنسوور مروەتی


کاردانەوەکانی دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و چەندین بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە لە لایەن ئیسرائیلەوە، هەروا درێژەی هەیە و لەو نێوەشدا ئەوەی زیاتر جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە کاردانەوەی حکوومەتی ئێران لە لایەک و خەڵکی ئێران لە لایەکی دیکەیە.
ئەوەی ڕوونە دەوڵەتی ئیسرائیل لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەتایبەتی لە پاش ڕووداوی حەوتی ئوکتوبرەوە واتە پەلاماری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەردەوام بەشێوەی جۆراوجۆر هێرشی کردوەتە سەر بەرپرسانی حەماس و فەرماندەرانی سپای پاسدارانی ئێران و لەم دواییەشدا حیزبوڵڵای لوبنان و بەدەیان کەس لە بەرپرسان و فەرماندەرانی ئەو هێزانەی کوشتوە کە لە سەرووی هەموویانەوە کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی حەماس لە تاران و حەسەن نەسروڵلا، سکرتێری حیزبوڵڵا لە بەیرووت بوو. لەم بارەوە هەرچی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییە لە دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانییەوە تا دەگاتە سمایل هەنیە و پاسدارەکانی دیکەیان بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەی قورسیان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردوە، بەڵام تا ئێستا بەکردەوە نەیانتوانیوە کەمترین زەرەر لە ئەمریکا و ئیسرائیل بدەن. بە جۆرێک کە ئێستا باسی تۆڵەی قورس لە نێو ئێرانیەکاندا بووەتە گاڵتەجاڕ و بەردەوام بە چاوی حکوومەتی تارانیدا دەدەنەوە. ئێستا ئیتر بۆ خەڵک و بەگشتی بۆ ئەوانەی بەدواداچوونی ڕووداوەکانی ئێران دەکەن بەتەواوی دەرکەوتووە کە حکوومەتی ئێران تەنیا بۆ سەرکوت و ئیعدام و ڕاوەدوونانی خەڵکی وڵاتەکەی ئازایە دەنا بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و بەتایبەت لە بەرانبەر ئەمریکا و هاوپەیمانان و بەتایبەتیتر لە بەرانبەر ئیسرائیلدا شێرەبەفرینەیەک زیاتر هیچی تر نییە. ترس و خۆفی خامنەیی لە کاتی خوێندنی نوێژی مردوو لە سەر جەنازەی ئیسماعیل هەنیە لە تاران بەتەواوی نیشاندەری بێ هێزی و ترسنۆکیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر ئیسرائیلدا بوو. 
 ئێستا و لە دوایین پەلاماری بەهێزی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا و کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئیتر ترسی خامنەیی گەییشتوەتە جێگایەک کە تەنانەت نەیوێرا بەفڕوفیشالیش بووبێ باسی تۆڵەی قورس لە ئیسرائیل بکا و گوایا لەترسی بەئامانجگرتنی خۆیشی لە لایەن ئیسڕائیلەوە، خۆی شاردۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هەرچی هەڵوێستی خەڵکی ئێرانە شایی و خۆشحاڵی ئەوانە لە کوژرانی ئەم بەرپرسانەی حیزبوڵڵا و حەماس و هێزە ڕاسپێراوەکانی دیکەی ئێران کە لە سەر حیسابی سەروەت و سامانی ئەمان کاریان بووەتە شەڕ و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی ناوچەکە و کوشتنی ژن و منداڵی بێتاوان و بەهەدەردانی میلیاردها دولار لە سامانی خەڵکی ئێران. خەڵک لەوە بە باشی تێدەگەن کە وڵاتەکەیان لە ڕیزی دەوڵەمەنترین وڵاتانی جیهانە، ئەی بۆچی کاریان گەییشتوەتە جێگایەک کە هەژاری و نەداری و بێکاری و دەیان و سەدان کێشە و دەردی کۆمەڵایەتی و ئابووری بڕستی لێ بڕیون و ڕۆژبەرۆژ ئاستی ژیان و گوزەرانیان دادەبەزێت و چکۆلەترین ناڕەزایەتییش بەگرتن و زیندان و شکەنجە و ئیعدام جواب دەرێتەوە. خەڵک باش دەزانن کە سەروەت و سامانی ئەوان لە جیاتی ئەوەی خەرجی خەڵک و وڵات بکرێ، بەشێکی لە لایەن بەرپرسانی دز و گەندەڵی ڕێژیمەوە دەدزرێ و بەشێکی زۆریشی ڕۆژانە بۆ حەماس و حیزبوڵڵا و حووسیەکانی یەمەن و هێزەکانی هاوشێوەی ئەوان لەم ناوچەیە بەڕێ دەکرێ و ئەوانیان پێ بەخێو دەکرێ. بۆیە خەڵک لە کاتی کوژرانی هەرکام لەمانەدا شایی لە دڵیان دەگەڕێ و خۆشحاڵ دەبن.
خەڵکی ئێران دەپرسن ئێستا کە خامنەیی بۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا ٥ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاندووە ئەی بۆچی حەوتووی پێشوو کە زیاتر لە پەنجا کرێکاری هەژار و زەحمەتکێش لە کانەبەردەکانی شاری تەبەس لە پارێزگای خۆراسان گیانیان لە دەست دا، متەقی لێوە نەهات؟ بۆ مەگەر ئەم کرێکارانە مرۆڤ نەبوون؟  دیارە وڵامەکەی ڕوونە، ئەوەی بەلای خامنەیی و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە گرینگ نییە گیانی و ژیانی خەڵکی ئێرانە و بەکردەوە ساڵەهای ساڵە کراوەتە قوربانیی حیزبوڵڵا و حەماس و هێزە هاوشێوەکانیان. کەواتە حەقی خۆیانە بەپێچەوانەی دیکتاتۆری ترسنۆکی وڵاتەکەیان لەکاتی وادا خۆشحاڵ بن و شایی لە دڵیاندا بگەڕێ.
بەڵام لە کوردستان و سەرەڕای هەموو ئەمانەی کە لە شایی و خۆشحاڵی خەڵک باس کرا، کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا بە جۆرێکی دیکەش دڵی خەڵکی پێ گەشایەوە، چونکە حیزبوڵلا ٣١ساڵ لەوەپێش لە تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانیدا دەوری سەرەکییان گێڕا و چوار ئەندامی حیزبوڵڵا بە کازمی دارابیەوە، تیمی تیرۆرەکەیان پێکهێنابوو و ئەو جینایەتە بەدەستی ئەوان خولقا.