پۆلیسی هاتووچۆی ڕێژیمی ئێران باسی لە گیانلەدەستدانی ڕۆژانە ٤٥ بۆ ٥٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ کرد.
سیاوەش موحبی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی ڕێژیم، لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە نەبوونی کوالێتیی ماشینەکان باسی لەوە کرد کە ڕۆژانە لە ئێراندا لە نێوان ٤٥ بۆ ٥٠ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست دەدەن.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، ڕۆژانە هەزار کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ بریندار دەبن، لە نێویاندا لانیکەم ١٠٠ کەس کەم ئەندام و نزیکەی ٢٠٠ خێزانیش بەهۆی لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوەوە تووشی کەمبوونەوەی توندی داهات و تەنانەت هەژاریش دەبن.
موحبی بە ئاماژەدان بە کوالێتیی نزمی بەشێک لە ماشینەکان و ناتەواویی ڕێگاوبانەکان ڕایگەیاند کە ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڕووداوەکانی ڕێگاوبان لە ساڵی ١٤٠٢ زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بووە.
بە وتەی کارناسان، جگە لە هۆکارە مرۆییەکان، هۆکارەکان وەک ماشینی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی کوالێتی نزم، جاددە خراپبووەکانی نێوان شارەکان و ڕێگا سەرەکییەکان کە زۆربەیان ستاندارد نین و ترافیک لە شارەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێرانن.