کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە ١.٧ میلیۆن بەرمیل نەوتی بە قاچاخ هەناردە کردووە

11:39 - 14 خەرمانان 2724

کۆمپانیی "تانکێر تڕێکێڕز" بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە ١.٧ میلیۆن بۆشکە نەوتی لە ڕێگەی ناوگانی "ڕۆحەکان"ـەوە بۆ چین و سووریە قاچاخ کردووە.

تانکێر تڕێکێڕز کە کۆمپانییەکی دۆزەرەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانە لەم پۆستەدا باسی لەوە کردووە کە ئێران ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی ناوگانی ڕۆحەکانەوە ١.٥ میلیۆن بۆشکە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی بۆ چین و ٢٠٠ هەزار بۆشکەی بۆ ئێمارات و هەروەها ٧٠ هەزار بۆشکەی ڕەوانەی سووریە کردووە.

ناوگانی ڕۆحەکان بە ئەو نەوتهەڵگرانەی دەوترێت کە ڕادار و سیستەمەکانی خۆیان کە بۆ ناسینەوە بەکار دەبرێت دەکوژێننەوە تاکوو بە شێوەیەکی نەناسراو بتوانن نەوتی وڵاتانێکی وەک ڕووسیە و ئێران بە ناو و نیشانێکی دیکە بگوازنەوە.

بەم پێیە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ڕابردوودا هەر ڕۆژ ١.٧ میلیۆن بۆشکە نەوتی ئێرانی لە ڕێگەی ئەم کەشتییانەوە گواستووەتەوە کە بە تەنیا زیاترە لە نەوتە قاچاخکراوەکەی دوو وڵاتی ڕووسیە و ڤێنێزۆئێلا.

تانکێر ترێکێڕز پشتڕاستی کردووەتەوە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا تاکوو ئێستا تەنیا یەک لە سێی ئەم کەشتییانەی هاویشتووەتە نێو لیستەی ڕەشی خۆیەوە.

زۆربەی ئەم نەوتە قاچاخکراوە دەچێتە وڵاتی مالێزی و لەژێر ناوی نەوتی ئەم وڵاتەوە هەناردەی پاڵاوگە بچووکەکانی چین دەکرێت و بەشێکی دیکەش لە ڕێگەی دەڵاڵەکانەوە لە وڵاتانی عەمان، عێراق و ئێمارات و چەند وڵاتێکی دیکە ناو و نیشانەکەی دەگۆڕدرێت و لە ژێر ناوی ئەو وڵاتانەدا هەناردەی وڵاتی چێن دەکرێت.