ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەرمانان، کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٣ دەربڕی و داوایان لە ئێران کرد دەستبەجێ لەسێدارەدانی ئەو کەسانە ڕابگرێت کە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.
تیمی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتبوو لە مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی ئەم ڕێکخراوە بۆ کاروباری ئێران، ڕایانگەیاند کە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە بە دەستیان گەیشتوون، کۆماری ئیسلامی لە مانگی گەلاوێژدا لانیکەم ٨١ کەسی لە سێدارە داوە و ئەمەش نزیکەی دوو هێندە زیاترە لەو ٤٥ لەسێدارەدانەی کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرابوون و هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێران لە ئەمساڵدا لانیکەم ٤٠٠ کەسی لە سێدارە داوە کە ١٥ کەسیان ژن بوون.
هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە، نزیکەی نیوەی ئەو کەسانەی لە مانگی گەلاوێژدا لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون (٤١ حاڵەت) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە و کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لەوە کردەوە کە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و جێبەجێکردنی بە هۆی ماددە هۆشبەرەکان پێشێلکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە.
شایانی باسە لە ساڵی ٢٠٢١وە، سەرەڕای پێداچوونەوە بە یاسای دژی ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان لە ئێران، لەسێدارەدانەکانی پێوەندیدار بەو تاوانە زیادی کردووە بە جۆرێک تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٤٠٠ کەس کە تۆمەتبار بوون بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون.
لەلایەکی دیکەوە هەروەها ئەو کارناسانە ڕایانگەیاند کە دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە ڕەوتی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون، بەرچاو نەگیراون.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لە لەسێدارەدانی ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتی ناڕازیی کورد یارسانی کراوە کە بە ئەشکەنجە و لێدان ، دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیرابوو، و دواتر بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بە دژی خۆی لە لایەن ڕێژیمەوە بەکارهێنرا.
جێگای ئاماژەیە لەن ڕاگەیندراوەدا ئاماژەی بە شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی، مەحموود مێهرابی، عەباس دریس، ئەحمەدرەزا جەلالی و جەمشید شامەهد وەک نموونەی ئەو کەسانە کراوە کە ڕێژیمی ئێران بە تۆمەتی "تاوانە بێ بنەما ئەمنییەکان" سزای لە سێدارەدانی بەسەریاندا سەپاند و هۆشداری دا کە لەسێدارەدانی ناڕەوا گەڕانەوەی نییە. و ڕەوتی ئێستای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕادەبەدەر نیگەرانمان دەکات کە خەریکە خەڵکی بێتاوان لەسێدارە دەدات.