کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەرزراندنی ئەندامانی گرووپی فاتمیوون لە شیرکەتێکی سەر بە سپای پاسداران لە چابەهار

12:01 - 11 خەرمانان 2724

ماڵپەڕی ''حال وەش'' ڕۆژی شەممە ١٠ی خەرمانان، ڕایگەیاند کە شیرکەتی "ئارشین کۆ"ی سەر بە ڕێکخراوی هەوا و فەزای سپای پاسداران میلیشیا ئەفغانستانییەکانی نێو گرووپی فاتمیوون و هەروەها سەربازانی دیکەی پێشووی ئەفغانستانیی وەک کرێکار لەم شیرکەتەدا دامەزراندووە.

شیرکەتی ئارشین کۆ لە بواری بەرهەمهێنانی دیواری بێتۆنی و دروستکردنی ڕێگاوبان لە چابەهار کار دەکات.

حاڵ وەش هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوای ئاشکرابوونی ئەو هەواڵە، بەرپرسانی باڵای سپای پاسداران فەرمانیان داوە بەشێکی زۆری ئەو هێزانە بە کامیۆن لە چابەهارەوە بۆ ناوچەیەک لە نگور بگوازرێنەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جگە لەو شیعانەی ئەفغانستان کە ڕاستەوخۆ یان لەژێر ناوی جیاوازدا لەلایەن گرووپی فاتمیوون یان لقە لاوەکییەکانییەوە وەرگیراون، کۆچبەرە سەربازییە سوننە ئەفغانستانییەکانیش بە وەرگرتنی کارتێکی تایبەت لەلایەن بەسیجەوە وەرگیراون.

ئەم کارەی سپای پاسداران لە دامەزراندنی میلیشیا ئەفغانستانییەکانی فاتمیوون لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بوونی کۆچبەرانی ئەفغانستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی قەدەغە کردووە و ڕۆژانە دەیان کۆچبەری ئەفغانستانی لەم پارێزگایە دەسبەسەر دەکرێن و لە ئێران دیپۆرت دەکرێنەوە.

دامەزراندنی میلیشیاکانی فاتمیوون بەشێکە لە سیاسەتە بەرفراوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە زیادکردنی ئامادەیی میلیشیاکانی گرووپە نیابەتییەکانی لە بواری ئابووری و پەروەردەیی ئێراندا.