کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی هەنییە بەردەوامە/ ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامی لە وڵامەکەی بۆ کوشتنی هەنییە پاشەگەز ببێتەوە

10:44 - 15 خەرمانان 2724

لە درێژەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسرائیل سەبارەت بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری پێشووی حەماس، فەرماندەیەکی باڵای سپای قودس وێڕای هەڕەشە لە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە وڵامی ئیسرائیل ڕەنگە زیاتر بخایەنێت.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانان موحسێن چیزێری فەرماندەیەکی لقی قودسی سپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە لە سەر وڵامدانەوە بە ئیسرائیل لەهەمبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە جەختی کردەوە و زیادیشی کرد کە ئەگەری هەیە ئەم وڵامە کاتێکی زیاتر بخایەنێت بەڵام لە ناکاودا دەبێت.

ناوبراو وڵامنەدانەوەی تاکوو ئێستای کۆماری ئیسلامیی بە دانبەخۆداگرتن لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە چۆنییەتیی وڵامی کۆماری ئیسلامی بە ئیسرائیل پێوەندیی بە بارودۆخەکەوە دەبێت و ئێران ڕادەوەستێت تاکوو دەرفەتی تۆڵەسەندن بێتە ئاراوە.

هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێشتر توندوتیژانەتر بوو بەڵام دوا هەڕەشەی وڵاتانی ڕۆژاوایی و هەروەها هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئێران، هەڕەشەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش لەچاو ڕۆژانی یەکەمی کوشتنی هەنییە هێورتر بوویەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زاری سێ بەرپرسی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوی کردبووەوە کە ئەگەر ئاگربەستێک لە غەززە بێتە ئەنجام، ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامی لە وڵامەکەی بۆ کوشتنی هەنییە پاشەگەز ببێتەوە یان وەدوای بخات.