کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی دەسبەسەرکراوانی شنۆ گەیشتە سێ کەس

10:46 - 15 خەرمانان 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "لوقمان زەنگی" و "سیامەند زەنگی" خەڵکی گوندی "کانی سۆرک" سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. بە هەژمارکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ڕۆژی چوارشەممەی شنۆ گەیشتە سێ کەس.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم دوو هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی خۆیاندا دەسبەسەر کردوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دیاکۆ عەزیزی" خەڵکی گوندی "باب خاڵاوێ" سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانی، هێزە سەرکەتکەرەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی دیاکۆ عەزیزی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.