کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٤ ڕۆژدا، ١٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون

11:07 - 15 خەرمانان 2724

لە ماوەی چوار ڕۆژی سەرەتای مانگی سێپتامبردا لانیکەم ١٧ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ل چوار ڕۆژی سەرەتای مانگی سێپتامبری ٢٠٢٤دا، لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی کورد لە گوندی بڵواناوای سەر بە شاری دێوڵان، ٤ هاووڵاتی لە مەهاباد و ٣ هاووڵاتی لە شنۆ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا لانیکەم ١٠ هاووڵاتی بە ناوەکانی جەمیل محەممەدی، شادمان محەممەدی، فواد محەممەدی، محەممەد محەممەدی، مەیسەم حاجی مەجید، سەمیر محەممەدی، پدرام محەممەدی، ماردین باقری و دوو هاووڵاتیی دیکە دەسبەسەر کراون.

هەروەها، ڕامیار ئەبووبەکری و سیاوەش سوڵتانی کە هەر دووکیان لە ئەندامانی بنەماڵە مافخوازەکانن، عادڵ کاکە و ئومید ئەحمەدنژاد هونەرمەندی تەمەن ٣٥ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کراون.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٤ سێپتامبر، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی "دیاکۆ عەزیزی"، "لوقمان زەنگی" و "سیامەند زەنگی" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم ١٧ هاووڵاتییە کوردە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و پاشان بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزران و تا ئێستا هیچ زانیاریەک سەبارەت بە دۆخیان لەبەر دەستدا نییە.