کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایکل مەک کاڵ داوای کرد کە ئەمریکا سزای نوێ بخاتە سەر حەماس و لایەنگرانی

12:35 - 15 خەرمانان 2724

مایکل مەک کاڵ، سەرۆکی کۆماریخوازەکانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، خوازیاری سەپاندنی سزای نوێی ئەمریکا لەدژی گرووپی چەکداریی فەلەستینی حەماس و لایەنگرانی بوو.

 ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانان ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: دەبێت حکوومەتی ئەمریکا هەموو ڕێگایەکی مومکین بەکار بهێنێت بۆ لێپرسینەوە لە حەماس لە بەرامبەر کردەوە دڕندەییەکانیاندا و حەماس ناچار بکات ئەو کەسانەی کە بە بارمتەی گرتوون ئازاد بکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا مەک کاڵ نووسیویەتی: دەمانهەوێت کە دەوڵەتی جۆ بایدێن سزای نوێ بەسەر گرووپی حەماس و لایەنگرانی لە سەرانسەری جیهاندا بسەپێنێت.

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە کوشتنی دڕندانەی هرش گۆڵدبێرگ پۆلین و پێنج بارمتەی دیکە لە حەفتەی ڕابردوودا ئەوە دەردەخات کە کاتێکی زۆرمان بە دەستەوە نەماوە و دەبێت زۆرترین گوشار بخەینە سەر حەماس و لایەنگرانی بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکەن.

 هرش گۆڵدبێرگ پۆلین هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٣ ساڵی ئەمریکی بوو، کە لەلایەن گرووپی حەماسەوە بە بارمتە گیرابوو و لەم دواییانەدا لەلایەن ئەو گرووپەوە کوژرا.

لەم دواییانەدا وەزارەتی دادی ئەمریکا بڕیاری ڕاگەیاندنی تاوان دژی "سەرکردە تیرۆریستییەکان"ی گرووپی حەماسی دەرکرد کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و مەک کاڵ پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم بڕیارەی ئەمریکا دەربڕیوە.

جێگای ئاماژەیە کە لە ١٣ی خەرماناندا وەزارەتی دادی ئەمریکا بە فەرمی یەحیا سینوار و سەرکردە باڵاکانی دیکەی گرووپی حەماسی بە تاوانی دەیان ساڵەی سەرکردایەتی و پشتیوانیی دارایی ئەو گرووپە و تێرۆر دژی هاووڵاتییانی ئەمریکایی تۆمەتبار کرد.