کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناتانیاهوو: ئێران بە ناردنی چەک بۆ حەماس، غەززەی کردە ناوەندی ‌هەڕەشەکان دژی ئیسرائیل

20:26 - 15 خەرمانان 2724

بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە تێلاڤیڤ لەسەر شکستپێهێنانی حەماس پێداگرە و میحوەری "فیلادلفی" بەجێ ناهێڵێت.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانان، نێتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قودس ڕایگەیاند، کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل بەسەر سنوورە وشکانی و دەریاییەکانی غەززە ڕێگری لە قاچاخی چەکۆچۆڵ دەکات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کشانەوەی ئەرتەشی وڵاتەکە لە ڕێڕەوی فیلادلفی لە ساڵی ٢٠٠٥ ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ غەززە کرد و جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە جارێکی دیکە ئەم میحوەرە بەجێ ناهێڵین".

نێتانیاهۆ هەروەها زیادی کرد: ''لەبەر ئەوەی ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٥ میحوەری فیلادلفیمان بەجێ هێشت، ئێران کەرتی غەززەی کردووە بە ناوەندێکی هەڕەشە لە دژی ئیسرائیل.''

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەموو ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی شەڕی غەززە تەنیا بە کۆنترۆڵکردنی ئەم میحوەرە سنوورییە دەتوانرێت بەدی بهێنرێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەوەی کە بەبێ وەستاندنی قاچاخکردنی چەک لەلایەن حەماسەوە ناتوانرێت بارمتەکان ئازاد بکرێن، جەختی لەوە کردەوە: "ئەگەر بە کشانەوە لە میحوەری فیلادلفی گوشارەکان لەسەر حەماس کەم بکەینەوە، ئەوا ناتوانین هەموو بارمتەکان وەربگرینەوە".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوای جێهێشتنی میحوەری فیلادلفی ڕێگەمان پێنادات بۆ ئەو شوینە بگەڕێینەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر میحوەری فیلادلفی بەجێ بهێڵین، باجێکی زۆر دەدەین.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ''ئەگەری ئاگربەست لە غەززە هەیە، بە مەرجێک بە ستراتیژی خۆمان پێبەند بین''.