کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی وزە لە ئێران، لە کارەباوە بۆ گاز

12:20 - 11 خەرمانان 2724

هاوکات لەگەڵ کۆتاییەکانی وەرزی گەرما و چوونە نێو وەرزی سەرماوە، قەیرانی نەبوونی گاز جێگەی قەیرانی نەبوونی کارەبا لە ئێران دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ناوەندی لێکۆلینەوەکانی ژووری بازرگانیی ئێرانەوە پێک هاتووە، یەک لەسەر پێنجی تواناکانی پێترۆشیمیی ئێران بەهۆی نەبوونی گازەوە بێکار ماوەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بە قەیران و کەمیی گاز هاتووە، ساڵانە ١٥ میلیۆن تۆن بەرهەمی پێترۆشیمییەکانی ئێران بەهۆی نەبوونی گاز ناچێتە خولی وەبەرهێنانەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە خەسارکردنی ڕێژەی زۆری گاز لە کاتی بەرهەمهێنانییەوە کراوە.

دوایین ئاماری بانکی جیهانی باس لەوە دەکات کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٢١ میلیارد میتری سێجێ لە گازی بەرهەمهێنراوی ئێران بەهۆی نەبوونی کەرەستەی کۆکردنەوەی گاز لە کاتی بەرهەمهێنان، بە فیڕۆ ڕۆیشتووە.

ئەمە تەنیا بەشێک لە گازی بە فیڕۆچووی ساڵانەیە لە ئێراندا و جێی ئاماژەیە کە لانیکەم ٨ میلیارد میتری سێجێی دیکە لە گازی بەرهەمهێنراوی ئێران لە کاتی پاڵاوتن و گواستنەوە بە فیڕۆ دەڕوات.

هاوشێوەی ئەم کێشانە کە لە قەیرانی گازی ئێراندا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، قەیرانی کارەبایش پێوەندیی بە کێشەگەلێکی وەک کۆنبوونی تۆڕی کارەبایی وڵاتەوە هەیە کە یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەفیڕۆچوونی کارەبا لە ئێران.

هەبوونی ئەم کێشانە و نەبوونی توانایی کۆماری ئیسلامی لە چارەسەرکردنیان لەکاتێکدایە کە بەرپرسان، خەڵکی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی کێشەکان دەزانن و ڕەخنە لە بەکارهێنانی زۆری وزە لەلایەن خەڵکەوە دەگرن.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی ئامارەکان سەرانەی بەکارهێنانی وزە لە ئێران لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان وەک ئوستراڵیا، کۆرەی باشوور، کانادا، فەنلاند، سوید، نۆروێژ و وڵاتانی عەرەبی، کەمترە.