کۆبەرهەمی ڕۆمانەکانی ئیبراهیم یونسی، وەرگێڕانی ڕەسووڵ سوڵتانی و مێژووی فەلسەفەی کاپلستۆن، نووسینی فرێدریک چارڵز کاپلستۆن، وەرگێڕانی مەسعوود بابایی چاپ و بڵاو بوونەوە.
مەسعوود بابایی و ڕەسووڵ سوڵتانی، ئەندامی حیزبی دێموکرات و دوو قەڵەمی دیار و پڕکاری بنەماڵە دێموکراتن کە شانیان داوەتە بەر ئەو ئەرکە گرینگە و ئەم دوو زنجیرە کتێبە پڕ بایەخەیان بۆ کتێبخانە و کەلەپووری کوردی وەرگێڕاوەتەوە. بێگومان ئەم دوو نووسەر و وەرگێڕە بە ماندووبوون و خەمخۆرییان بۆ پەرەپێدانی زمان، ئەدەب، مەعریفە و ناسنامەی کوردی و بەو دوو پڕۆژەیە توانیویانە کەلێنێکی گەورە لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ بکەنەوە.
شەریف فەلاح، قەڵەمێکی دیکەی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە دەقێکدا لەبارەی ئەم دوو بەرهەمەوە نووسیویەتی: ئەو دوو پڕۆژەیە لە وڵاتانی دیکە کە بایەخی زمان و ئەدەب و وەرگێڕان و سەنگیان لەبەرچاوانە و لەجێی خۆیەتی، بە کارێکی هاوبەش و بەکۆمەڵ و چەندان پسپۆڕ و لەلایەن دەزگا و ئەکادیمییە حکوومەتییەکانەوە ڕایی دەبن و بوودجەی تایبەت و فراوانیان بۆ دابین دەکرێ. بەڵام لای کوردی پەرتەوازە و بێ دامودەزگای نەتەوەیی، دەبێ کەسانێکی ئاشق و قەقنەسئاسای وەک کاک مەسعوود و ڕەسووڵ بە تاقی تەنیا قۆڵی لێ هەڵماڵن، چەندان ساڵ ژیان و تەمەنی خۆیان و خا و خێزانی بۆ تەرخان بکەن و ئەو بارە قورسە بە شان و پیل هەڵبگرن و دوو کەس مشووری زمان و ئەدەب و وەرگێڕانی میللەتێک بخۆن. ڕاییکردنی کاری لەو چەشنە گەر هەست و ورەی پۆڵایین و پێشمەرگانەت نەبێت ئاشقی سەوداسەری زمان و وەرگێڕان نەبیت، نەلواوە. ئەو ئەشقە پێشمەرگانە وات لێ دەکەن کە هەموو لەمپەر و کۆسپەکان تێپەڕێنی و سەرەنجام تاجی سەرکەوتن و بە ئەنجامگەیاندنی بە فەخرەوە لەسەر بنێی. بێگومان ئەم دوو پڕۆژە مەزنە نیشتمانییە گەر بە پاڵپشتی و سپۆنسەریی "دەزگای ڕۆشنبیریی جەماڵ عیرفان" و دڵسۆزیی کەسیی دکتۆر تەها ڕەسووڵ نەبایە، وەک زۆر پڕۆژەی دیکەی بەشێکی دیکە لە نووسەر و وەرگێڕەکانی کوردستان، لەبیر دەکرا و ڕەنگی چاپیان نەدەدی.
"چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هاوڕێیان ڕەسووڵ سوڵتانی و مەسعوود بابایی ئاواتی بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازێت.