کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبێکی وەرگێڕدراو لە بارەی هۆکار و مێژووی دابەشکردنی سیاسیی کوردستان بە فارسی

15:28 - 16 خەرمانان 2724

"تقسیم سیاسی سرزمین کردستان" (١٩١٤-١٥١٤)، (دابەشکردنی سیاسیی کوردستان)(١٩١٤-١٥١٤) نوێترین کتێبی چاپکراوی د.کامران ئەمین ئاوەیە. ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی کوردناس و مێژوونووسی ناسراو "یوگینیا ئێلێنیچنا ڤاسیلیڤا"یە، لە زمانی ڕووسییەوە کراوە بە فارسی. لە پێشەکییەکدا کە "ڤاسیلیڤا" بۆ ئەم کتێبەی خۆی نووسیویەتی هاتوە:

"پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر و لە سەرەتای سەدەی ١٦دا، کوردستان لەنێوان تورکە عوسمانییەکان و سەفەوییەکانی ئێراندا دابەش کرا و، تا ئێستاش خەڵکی کورد دەرەتانی دامەزراندنی حکوومەتی خۆی و بوون بە ئەندامێکی خاوەن مافی یەکسان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتییدا بۆ پێک‌نەهاتوە. خەباتی ئەوان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی لە پێنج‌سەد ساڵ تێپەڕیوە و هێشتا کۆتاییەکەی وەبەرچاو نایە. لە ساڵی ١٩٢٣وە، سەرزەوی و نیشتمانی کوردان بە دوای ئەو سنوورانەی لە نێوان هەر چوار وڵاتی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا کێشران، بەسەر چەند پارچەدا دابەش بووە. یەکەم دابەشبوونی خاکی کوردستان چۆن ڕووی دا؟ بۆچی کوردەکان بوون بە هاووڵاتی دوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی و نە لە سەدەی ١٦ی زایینی و نە لە پێنج سەد ساڵی دواتردا، نەیانتوانی دەوڵەتی خۆیان دامەزرێنن؟ ئێمە لەو کتێبەدا کە دەکەوێتە بەر هەڵسەنگاندنی خوێنەران، هەوڵ دەدەین هۆکاری ئەم ڕاستییانە ڕوون بکەینەوە. "(ل١٥)

نووسەر لە ئەنجامی کتێبەکەشیدا دوای ئاماژە بە خەبات و ڕاپەڕینی کوردەکان لە هەموو پارچەکان لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوەییدا نووسیویەتی:

" بۆ کوردەکان، چوارپارچە بوونی نیشتمانەکەیان لێکەوتەی سەرەکیی شەڕی یەکەمی جیهانی بوو؛ لەگەڵ ئەمەشدا ئەوان هیچ‌کات نەبوون بە نەتەوەیەکی گوێڕایەڵ. سمایلاغای سمکۆ، سەرۆکی گشتیی ئێلی شکاک، سەرۆکی یەکێک لە بەهێزترین کۆمەڵگە عەشیرەییەکانی کوردستان، پاش وەدەرکەوتنی هێزەکانی ڕووس لە بەهاری ١٩١٨ ڕاپەڕینێکی دەست پێ کرد و بۆ ماوەی یەک دەیە جموجۆڵی سیاسیی وەڕێ خست. هۆزەکانی هەرکی، بەگزادە، مامەش، مەنگوڕ، دێبوکری، پیران، زەرزا، پشدەر، فەیزوڵلابەگی و زۆر لە هۆزەکانی دیکەی ناوەند و باشووری کوردستان و لوڕستان ڕەگەڵی کەوتن.

بیری سەربەخۆیی بووە هەوێنی سەرەکی لە سەرانسەری مێژووی دواتری کورددا. ڕاپەڕینی کوردەکان نوقمی خوێن کرا، بەڵام خەباتی ئەوان هەتا ئیستا درێژەی هەیە. نیشتمانی کوردان بووە بە چەند پارچە: کوردستانی تورکیە، کوردستانی ئێران، کوردستانی عێڕاق و کوردستانی سووریە.

واتای کوردستان، "نیشتمانی کوردان"ە و (ئەم نیشتمانە) ناتوانێت تورکی، ئێرانی عێڕاقی و یان هی هەر وڵاتێکی دیکە بێت. کوردستان دەتوانێت و دەبێت تەنیا هی کوردان بێت. ناکرێت ئەم کێشەیەی لە درێژایی مێژوودا پێک‌هاتووە، بە شەوێک چارەسەر بکرێت، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کە ڕێگاچارەیەکی بۆ دەدۆزرێتەوە. بوونی سەرزەوییەک لە ژێرناوی کوردستاندا مافێکی ڕەوایە و، کوردەکان نابێت چی دیکە وەک زڕمنداڵی مێژوو بمێننەوە. ماف و حەقیقەت لەگەڵ ئەوان‌دایە."(ل ١٧٨-١٨٠)

 لە پێشەکییەکدا کە وەرگێڕی کتێبەکەش (د.کامران ئەمین ئاوە) بۆ ئەم وەرگێڕانە نوێیەی خۆی نووسیویەتی هاتوە:

"زیندەیاد یوگینیا ئێلێنیچنا ڤاسیلیڤا لە کتێبی "دابەشکردنی سیاسیی کوردستان"دا بە قامکدانان لەسەر هەستیارترین و بەژانترین کێشەی ژیانی خەڵکی کورد، دەری‌دەخات کە دابەشکردن و سنوورکێشان بە نێو نیشتمانی کورداندا، چۆن بووە بە هۆکاری بێ بەشیی ئەوان لە پێکەوەژیان لە نیشتمانێکی یەکگرتوو لەژێرناوی کوردستاندا. هاوکات ڕووداوە مێژووییەکان و راپەڕینە یەک لە دوای یەکەکانی خەڵکی کورد لەو چوار پارچەیەدا، ملنەدانی ئەوان بۆ ئەم سنوورە دەسکردانە دەسەلمێنێت. کوردەکان سەرەڕای هەموو گرفتەکان، ناکۆکییە سیاسی، تاکەکەسی و حیزبیەکان، خۆیان بە بەشێکی جیانەبۆوە لە یەک سەرزەوی و بە ئەندامێکی نەتەوەیەکی چەند پارچە دەزانن، لە باری سۆز و هەست و هزریشەوە یار و پشتیوانی یەکترن. بەشداریی کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە شەڕی داعش لە عێراق و سووریە (٢٠١٩-٢٠١٤)، خۆشحاڵی و شادی دەربڕینی کوردەکان لە سەرکەوتنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە کوردستانی عێراق لە ٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧ (٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦)، خەم و ماتەمی ئەوان بە دوای سەرکوتی ئەم ویستە جەماوەرییە لە لایەن سوپای عێڕاق و هێزەکانی بەستراوە بە (ڕێژیمی) ئێران لە ئۆکتۆبری هەمان ساڵدا و سەدان نموونەی دیکە، هاوپێوەندیی و وشیاریی نەتەوەیی خەڵکی کورد دەسەلمێنن.

لەوانەیە بەهۆی سەرکوت و تۆقاندن بتوانن لە کورتخایەندا هێمنییەکی ڕێژەیی پێک‌بێنن، بەڵام ناکرێت بەم جۆرە ڕێگایانەدا، ئاواتەکانی نەتەوەیەک کە خوازیاری گەیشتن بە مافی یەکسان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەرخۆیاندا دابەش کردوە، یان ئاواتی یەکگرتنەوە بە دوای گەیشتن بە سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتێکی نەتەوەییان لەدڵ‌دایە، لەنێوبەرن."(ل ٩-٨).

کتێبی "دابەشکردنی سیاسیی کوردستان"، دوای پێشەکیی وەرگێڕ، ژیاننامەی نووسەر (ڤاسیلیڤا) و پێشەکیی نووسەر، لەم بابەتە سەرەکییانە پێک‌هاتوە:

 - تێپەڕین لە سەدەی پازدەوە بۆ سەدەی شازدە،

- ڕووبەڕوو بوونەوەی ئیمپراتۆرییەکان لەگەڵ یەکتر و هەڵوێستی کوردەکان،

- دابەشکرانی کوردستان یان ڕێگایەک لە چالدرانەوە بۆ زەهاو،

- لەنێوان دوو ئیمپراتۆریدا،

- شەڕ، ڕێککەوتنەکانی دواتر و دابەشکردنی کوردستان،

- سنووری تورکیە و ئێران و کوردەکان،

- خۆڕاگریی کوردەکان،

- ئەنجام،

- شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنەوەی نوێی کوردستان

- لیستی سەرچاوەکان و وێنەکان.

- ئەنجام و پوختەی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی.

ئەم بەرهەمە نوێیە لە ٢٢٨ لاپەڕە پێک‌هاتووە و هاوینی ٢٠٢٤(١٤٠٣) لە ئەڵمان چاپ بووە.