ڕێکخراوی "پەیامنێرانی بێ سنوور" لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند، پلەی ئازادیی چاپەمەنی لە ئێراندا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزیوە و لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا، لە پلەی ١٧٧دا جێگیر بووە.
ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی بانەمەڕ بڵاو کرایەوە، نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی یەکێکە لەو چوار وڵاتەی جیهان کە کەمترین ئازادیی ڕادەربڕینی تێدایە.
بەپێی ئەم پۆلێنکردنە، وڵاتانی ئێریترە، کۆرەی باکوور و چین لە پلەکانی کۆتاییدان و ئێران لە دوای ئەوانەوە وەک مەترسیدارترین شوێن بۆ چالاکیی ڕۆژنامەوانی ناو براوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێراندا یاساکانی "دژە تێرۆریسم" و "پاراستنی ئەمنییەتی میللی" کراونەتە بیانوو بۆ دەسبەسەرکردن و سنووردارکردنی ڕۆژنامەنووسان.
لە بەرامبەردا، وڵاتی نۆروێژ بۆ دەیەمین ساڵی لەدوای یەک وەک ئازادترین وڵات بۆ میدیاکاران ناسێندراوە و هۆلەند و ستۆنی لە ڕیزبەندی دووەم و سێهەمدان.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور هۆشداری داوە کە ئێستا پتر لە نیوەی وڵاتانی جیهان لە بارودۆخێکی "سەخت" و "زۆر مەترسیدار"دا بۆ کاری میدیایی دەژین.
لیستی ساڵانەی پەیامنێرانی بێ سنوور، ١٨٠ وڵات و ناوچەی جیهانی لەسەر بنەمای ئەمنییەت، پێکهاتەی سیاسی، چوارچێوەی یاسایی و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە کاریگەرییان لەسەر ئازادیی میدیا هەیە، پۆلێنبەندی کردووە.