کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارێکی خەڵکی سەقز لە بەرەبەرەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا گیانی لەدەست دا

10:31 - 10 بانەمەڕ 2726

لە بەرەبەرەی ١ی مەی، ڕۆژی جیهانی کرێکار، جارێکی دیکە کرێکارێکی کورد بەهۆی پارێزراو نەبوونی شوێنی کار گیانی لەدەست دا.

کرێکارێکی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی سەقز بە ناوی "لەتیف محەممەدزادە"، لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی بیناسازی لە شاری بۆکان، بەهۆی داڕمانی دیوار بەسەریدا گیانی لەدەست دا.

لەتیف محەممەدزادە کە باوکی دوو منداڵ بوو، بەهۆی بێکارییەوە ناچار ببوو بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان ڕوو لە شاری بۆکان بکات.

گیانلەدەستدانی ناوبراو لە کاتێکدایە کە ئامارە فەرمییەکان باس لە بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری لە پارێزگای سنە بۆ ١٣.٩ لەسەد دەکەن، کە بەراورد بە ناوەندی ئێران بە ٧.٦ لەسەد، دوو قات زیاترە.

هاوکات لەگەڵ ئەم قەیرانە، بەڕێوەبەرایەتیی شارەداریی سەقز لە هەنگاوێکی جێی تێڕاماندا پتر لە ٢٠ کرێکاری خۆی بەهۆی ململانێی نێوخۆیی شۆرا و شارەدار دەرکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ماڵی کرێکاری سەقز لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، هۆشداریی داوە کە کۆمەڵگەی کرێکاری لە قۆناغی بژێوییەوە گەیشتووەتە قۆناغی تێکۆشان بۆ مانەوە و مەترسیی هەرەسهێنانی کەرتی کار لەو شارەدا هەیە.

شاری سەقز بەهۆی نەبوونی ژێرخانی پیشەسازی و سستی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریدا، وەک یەکێک لە بێکارترین شارەکانی پارێزگای سنە ئەژمار دەکرێت و هەر ئەم هۆکارەش وای کردووە کە کرێکاران ناچار بن ڕوو لە کۆچی وەرزی و کارکردنی ڕۆژانە بکەن یان جۆرە کارانێک قەبووڵ بکەن کە ئەگەری ڕووداوی تێدا زۆرە.