کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی پشتگیریی دارایی لە تێرۆریزم لە لایەن ئێرانەوە

15:49 - 16 خەرمانان 2724

پۆلیتیکۆ-ماتیو کارنیچینگ  

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

لە کاتێکدا شەڕی غەززە سەردێڕی هەواڵەکانە، ئورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکان نیگەرانی دابینکردنی نایاسایی دارایی بۆ حیزبوڵڵان. ئەوە شەڕی بێدەنگی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە. چۆن دەکرێ بژیوی حیزبوڵڵا، واتە دۆلاری نەوتی ئێران، ببڕن؟

لە کاتێکدا سەرنجی دنیا لە سەر غەززە چڕ بۆتەوە و شەڕی پەرەئەستێنی باکوور لە نێوان ئیسڕائیل و حیزبوڵڵای لوبنان هەر دێت و گەرمتر دەبێ، بە شێوەیەک کە سیاسەتمەدارەکانی دنیا لەوە دەترسن ببێتە هۆی دەستپێکی شەڕێکی مەزنتر، شەڕی پشتگیریی دارایی تێرۆریزم لە لایەن ئێرانەوە لە پشت شانۆ بە گەرمی لە ئارادایە.

ناکۆکییەکە، کە بۆتە هۆی کێشەی چەند وڵاتی عەڕەبی لەگەڵ ئورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکان، دەتوانێ کاریگەریی قووڵی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەبێ و لە چەند حەوتووی داهاتوودا بگاتە ترۆپک، کاتێک دامودەزگای جیهانیی دژی پارە سپیکردنەوە بڕیار دەدا ئاخۆ بە توندی دژی لوبنان هەڵوێست بگرێ یان بێدەنگەی لێ بکات.

کێشەکە لە هۆڵەکانی هێزی ئەرکداری هەڵمەتی دارایی (FATF)، دامودەزگای جیهانیی دژی پارە سپیکردنەوە، لە پاریس لە ئارادایە. لە حەوتووەکانی داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێ لوبنان، کە خراوەتە نێو "لیستەی بۆر"ی سەرپێچیکاری یاسایی، بڕیار بدرێ ئاخۆ ئەو وڵاتە پێویستە کام چاکسازی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی حوکمی تەندروستیی دارایی وەرگرێ و پێش بە کەوتنە ناو "لیستەی ڕەشی" ئەو دامودەزگایە بگیرێت.

ئەگەرچی هێزی ئەرکداری هەڵمەتی دارایی، کە لە ساڵی ١٩٨٩ لە لایەن وڵاتانی ئەندامی تاقمی ٧ (G7) دامەزرا و لەو کاتییەوە دەیان ئەندامی لە سەرانسەری دنیادا هەیە، هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری نییە، بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی دەتوانن کاریگەریی بەرچاویان لەسەر توانایی وڵاتێک بۆ هەڵسوکەوت لە گۆڕەپانی دارایی ناونەتەوەیی دا هەبێ.

هەڵوێستی توندتر

هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل بیرهێنەرەوەیەکی دڕندانەی مەترسییەکانی ڕێگادان بە گواستنەوەی پارە بەبێ هیچ کۆنتڕۆڵێک بوو. بەڕاستی ئیسڕائیل، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژاوایی نەک ‌هەر لە بەرانبەر گواستنەوەی میلیۆنان دۆلار لە قەتەر و ئێرانەوە بۆ ئەو تاقمە تێرۆریستییە چاویان نووقاند، بەڵکوو هاندەری ئەو کردەوەیە بوون و پاساوی ئەوەیان دێنایەوە کە ئەو پارەیە دەبێتە هۆی سەقامگیرکردنی غەززە.

  ڕەنگبێ ئەو ئەزموونە بێ کە بووبێتە هۆی داوای کاربەدەستانی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕۆژاوایی لە ڕێکخەرانی نێودەوڵەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا کە هەڵوێستێکی هێرشبەرانەتر بەرانبەر بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر سپیکردنەوەی پارە و پشتگیریی دارایی لە تێرۆریزم لە لوبنان کە پەیوەندییان بە حیزبوڵڵاوە هەیە بگرن.

کاربەدەستانی خاوەن زانیاریی لەسەر لێکۆڵینەوەی هێزی ئەرکداری هەڵمەتی دارایی کە بە مەرجی نەدرکانی ناویان لەگەڵ پۆلیتیکۆ قسەیان کردوە، گوتیان لوبنان، لەبەر ئاشکرا و بەرچاوبوونی بەڵگەکان لەمەڕ سپیکردنەوەی پارە و پشتگیریی لە تێرۆر، پەروەندەیەکی ساکارە. لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوە بەربەرینەکان لە لوبنان و هەروەها لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، کارەکەی ئاڵۆز کردوە. وەکوو دەستپێک، دەستڕۆیشتوویی حیزبوڵڵا لە هەناوی دامەزراوەکانی لوبناندا بەو مانایەیە کە دەوڵەتی ناوەندی تاوانی سەپاندنی ساکارترین نۆرمەکانی نێونەتەوەیی دژی سپیکردنەوەی پارەی نییە.

بە گوتەی دیپلۆماتەکانی ڕۆژاوا، گیروگرفتێکی مەزنتر ئەوەیە کە چەند وڵاتی ناوچە، لە ناویاندا بەحرەین و لیبی، شانبەشانی لوبنان دژی داوای ڕێکخەرانی نێوەنەتەوەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە ڕاوەستاون کە بۆتە هۆی نامومکین کردنی بە ئامانجگرتنی کاریگەری دابینکردنی دارایی نایاسایی بۆ حیزبوڵڵا. هێزی ئەرکداری هەڵمەتی دارایی خۆی لە لێدوان لەمەڕ ئەو وتارە بواردوە. شەڕی هەنووکەیی لە نێو هێزی ئەرکداری هەڵمەتی دارایی لەسەر ئەوە نییە کە ئاخۆ لوبنان لە لیستەی بۆر دا بمێنێتەوە، بەڵکو زۆرتر لەسەر ئەو مەرجانەیە کە بەر لە هەڵسەنگاندنی دوو ساڵ جارێک، دەبێ ئەو وڵاتە جێبەجێیان بکات تا لە لیستەکە بسڕێتەوە، بە تایبەتی لە پەیوەندیی لەگەڵ دەوری حیزبوڵڵا لە سیستەمی بانکیی ئەو وڵاتە دا.

بانکە یاسابەند نەکراوەکە     

ئێران لە هەشتاکانی زایینیدا دەستی بە دابینکردنی دارایی بۆ حیزبوڵڵا کرد، پشتگیرییەک کە بووە هۆی ئەوەی ئەو تاقمە تێرۆریسیتییە بتوانی دەوڵەتێک لەنێو دەوڵەتی لوبنان و جەنگەکەی لەگەڵ ئیسڕائیل دروست بکات. سەرەڕای دەسەڵاتی بەهێزی حیزبوڵڵا لە لوبنان و ئابوورییەکەیدا، ئەو تاقمە تێرۆریستییە بەستراوەییەکی قورسی بە پشتگیریی دارایی لە لایەن ئێرانەوە هەیە، کە زۆربەی هەرەزۆری ئەو پشتگیرییە بە شیوەی پارەی نەغدە کە دواتر دەڕژێتە نێو سیستەمی بانکیی لوبنانەوە. ئامرازی سەرەکی بۆ ئەو کارە، کۆمپانیایەکی دارایی حیزبوڵڵا بە ناوی کۆمەڵەی قەرزولحەسەنە، یان AQAH یە. حیزبوڵڵا پشت بەو کۆمەڵەیە یاخود بانکە دەبەستێ تا بتوانێ مووچەی سەربازان و کاربەدەستانی دیکەی  بدات و هەروەها خزمەتگوزاریی بانکی بۆ کۆمەڵگە هەرێمییەکان دابین بکات.

لەو گیژاوە سیاسی و ئابوورییەی کە لەو ساڵانەی دواییدا بەرۆکی لوبنانی گرتوە، کۆمەڵەی قەرزولحەسەنە ئۆپەراسیۆنەکانی پەرە پێداوە و بووەتە مەزنترین بانکی لوبنان، کە بە گوتەی کاربەدەستانی ڕۆژاوایی، یەدەگی دارایی ئەو بانکە دەگاتە چەند میلیارد دۆلار.

ئەوەی کۆمەڵەی قەرزولحەسەنە لە بانکەکانی دیکەی لوبنان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە یاسامەند نەکراوە و تەنانەت مۆڵەتی بانکییشی نییە. مەزنترین جیاوازییش ئەوەیە: لە سایەی دەستنیشانکرانی لە لایەن دەوڵەتی لوبنانەوە وەکوو ڕێکخراوێکی قازانج‌نەویست، کۆمەڵەی قەرزولحەسەنە باج و ماڵیاتیش نادات.

دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە کۆمەڵەی قەرزولحەسەنەی لە ساڵی ٢٠٠٧ خستە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە، ئەو تاقمە وەکوو "ئامرازێک بۆ شاردنەوەی چالاکییە داراییەکانی حیزبوڵڵا و دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی" ناو دەبات.

تۆماری کاری تێرۆریستی

سەرەڕای تۆمارکرانی لە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان، ئەو کارە نەیتوانی پێش بە چالاکییەکانی کۆمەڵەی قەرزولحەسەنە بگرێ. ئەو تاقمەیە هیچ بەربەستێکی کاری بارزگانیی لە لوبنان یان خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی نییە. بە ڕاستی، وێدەچی دوای بڕیاری یەکیەتیی عەڕەب لە مانگی جوون بۆ وازهێنان لە ئاماژەکردن بە حیزبوڵلا وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، چالاکییەکانی ئەوبەری سنووری کۆمەڵەی قەرزولحەسەنە هاسانتر جێبەجێ بن.

پرسی خستنی حیزبوڵلا لەنێو لیستەی تێرۆرەوە، هەروەها خاڵیکی جێگای مشتومڕ لەنێو هێزی ئەرکداری هەڵمەتی داراییە. ناکۆکی لەمەڕ ئەو پرسە بوو بە هۆی وەدواکەوتنی یەک مانگەی ڕاپۆرتێک لە بارەی لوبنان کە دواجار لە مانگی دێسەمبەردا بڵاو بۆوە. لە کۆتاییدا، پشکێنەران ناوی حیزبوڵڵایان نەهێنا، لە جیاتان لەسەر ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ ساغ بوونەوە: "ڕێکخراوێکی مەزنی میلیشیایی هەرێمی بە کارنامەیەکی باش تۆمارکراو لەمەڕ جێبەجیکردنی کردەوەی تێرۆریستی."

هێزی ئەرکداری هەڵمەتی دارایی لە ڕاپۆرتی ئەو دواییانەیدا لە سەر لوبنان نووسی، "لوبنان دەبێ هەڵسەنگاندێک لەسەر مەترسییەکانی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر کە پەیوەندیی بە ڕێکخراوێکی مەزنی میلیشیایی هەرێمییەوە هەیە ئامادە بکات و دڵنیایی بدات کە ئەو مەترسییانە پێشیان پێ دەگیرێت."

حیزبوڵڵا لە هەشتاکانی زایینییەوە ژمارەیەکی زۆر هێرشی تێرۆریستی بەرێوە بردوون، لە ناویاندا بۆمب‌دانان بۆ ئوتومبێل، هێرشی خۆکوژییانە و هیڕشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لەواندا سەدان کەسی کوشتوون بە ژمارەیەکی زۆر ئەمریکایی و ئیسڕائیلییەوە، ئەندامانی هێزی سەربازیی و هەروەها خەڵکی مەدەنی. ئەوڕۆ، ئەو میلیشیا شیعەیە کە لێکۆڵەران دەڵێن زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی هەیە، یەکێک لە مەزنترین هێزە سەربازییەکانی نادەوڵەتی لە جیهانە.

وڵاتە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا و دەیان وڵاتی دیکەی دنیا ئەو میلیشیا شیعەیەی سەر بە ئێرانیان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەستنیشان کردوە. دیپلۆماتەکانی ڕۆژاوایی لەوە نیگەرانن کە بێتوو هێزی ئەرکداری هەڵمەتی دارایی ئەو کارە نەکات، کاری لوبنان بۆ خۆبواردن لە سەرکوتی کۆمەڵەی قەرزولحەسەنە هاسانتر دەکات و پارە بە شێوەی بەردەوام لە ئیرانەوە بە لێشاو دەگاتە دەست حیزبوڵلا، بێ ئەوەی لە جێیەک کۆنتڕۆڵ بکرێ.

 دیپلۆماتەکان دەڵێن لە کۆتاییدا هەڵوێستێکی توندی هێزی ئەرکداری هەڵمەتی دارایی دەتوانێ یارمەتی لوبنان بکات تا چاکسازیی لە سیستەمەکەی دا بکات و دەست بکات بە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، کە لەو ساڵانەی دوایی دا ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە. بەبێ دڵنیایی‌دان لەوە کە لوبنان بەهەشتی سپیکرنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم نییە، وێناچی ئەوان بگەڕێنەوە.

دیپڵۆماتێک گوتی، "هەڵسەنگاندنێکی توند بەکردەوە یارمەتیی لوبنان دەکات تا خۆیان لەو دۆخە ڕزگار بکات."