کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبیژی شۆرای ئەمنییەتی ئەمریکا: ناردنی مووشەک بۆ ڕووسیە لێکەوتەی خراپی بۆ کۆماری ئیسلامی بەدواوە دەبێت

11:06 - 17 خەرمانان 2724

وتەبێژێکی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ناردنی مووشەکی بالستیک بۆ ڕووسیە لەلایەن ئێرانەوە، لێکەوتەی خراپی بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی تلویزیۆنی دەنگی ئەمریکا، شان ساوت وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانان بەم کاناڵەی ڕاگەیاندووە کە "ئەمریکا سەبارەت بەم هەواڵانە نیگەرانە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەمە نیشانەی پەرەدانی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیکردن لە شەڕی داگیرکەرانە بە دژی ئوکڕاینە".

ساوت لە درێژەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە گرووپی ٧دا ئامادەیی خۆیان بۆ وڵامی پێویست بە کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری ناردنی ئەم مووشەکانە بۆ ڕووسیە ڕاگەیاندووە.

پێشتر هەواڵدەریی بلوومبێرگی ئەمریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی ئورووپایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە کۆماری ئیسلامی بەم زووانە ژمارەیەک مووشەکی بالستیک ڕادەستی ڕووسیە دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕۆژی هەینی لە زاری چەند بەرپرسێکی ڕۆژاواییەوە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک مووشەکی ڕادەستی ڕووسیە کردووە کە بریتین لە سەدان مووشەکی بالستیکی کورت مەودا.

جیا لەم دوو هەواڵە، مانگی ڕابردوو هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ڕاهێنانی دەیان سەربازی ڕووسی لە بنکەی ئاسمانیی هەمەدانی ئێران کردبوو تاکوو شێوازی کەڵکوەرگرتن لە مووشەکە بالستیکە کورتمەوداکانی "فەتحی ٣٦٠" فیر بن.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕابردوو هەموو ئەم هەواڵانەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە بابەتی شەڕی ئوکڕایندا ناردنی یارمەتیی سەربازی بۆ هەر دوو لایەن بە کارێکی نامرۆڤانە دەزانێت و خۆی لێ بواردووە.

ئەم ئیدعایە لەکاتێکدایە کە پێشتر بەکارهێنانی دڕۆنەکانی جۆری "شاهێد" لەلایەن ئەرتەشی ڕووسیەوە بۆ سەر ئۆکراین لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست کراوەتەوە.