کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕووسیە، چین و کۆماری ئیسلامی بۆ کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا

12:10 - 17 خەرمانان 2724

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هەوڵەکانی سێ وڵاتی ڕووسیە و چین و ئێران کردووە تاکوو لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی داهاتووی ئەمریکا کاریگەری دابنێن.

ئەم سەرچاوە لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئەمریکاوە هێناویەتی کە کۆماری ئیسلامی لە چاو ڕابردوو هەوڵەکانی خۆی بۆ کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و کۆنگرەی ئەمریکا زیاتر کردووە.

ئەم بەرپرسە سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕووسیە و چین ڕایگەیاندووە "ڕووسیە وەک چالاکترین دوژمنی ئەمریکا لەم بوارەدا هەوڵی داوە تاکوو لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی کاریگەر بێت بەڵام چین سەرنجی لەسەر هەڵبژاردنەکانی خوارەوەتر داناوە تاکوو لەوانەدا کاریگەریی هەبێت".

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ١٤ی خەرمانان نووسی: "کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ژمارەیەکی بەرچاو ماڵپەڕی ساختە و هێرشی سایبێری لە هەوڵدایە تاکوو دێموکراسی لە ئەمریکا بێ‌متمانە بکات و هەوڵی ئەوە بدات کە ئاکامی هەڵبژاردنەکە بە زیانی دۆناڵد ترامپ بگۆڕێت".

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و پۆلیسی فیدێڕال "ئێف بی ئای" مانگی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لەهەمبەر هەککردنی ستادەکانی هەڵبژاردنی ترامپ و کامێلا هەریس بە بەرپرسیار زانی.

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆماریخوازەکان بۆ سەرۆککۆماری داهاتووی ئەم وڵاتە، لە ماوەی ڕابردوودا بە دەیان جار هەڕەشەی دانانی زۆرترین گوشارەکانی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و زیادیشی کردووە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی هەموو سزاکانی ڕابردوو دەخاتەوە سەر حکوومەتی تاران.