کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی بەشێک لە ڕێکخراوە خوێندکارییەکان لە سەروبەندی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا

12:21 - 17 خەرمانان 2724

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دووهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە خوێندکارییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیان لەسەر درێژەی خەبات دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردەوە.

ڕێکخراوە خوێندکارییەکان وێڕای ئاماژەدان بە خۆڕاگری لە دژی دەسەڵاتی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی و بەرخۆدان بۆ لەناوبردنی، ڕایانگەیاند: "ئێمە نە لێیان خۆش دەبین نە لە بیری دەکەین، ناترسین و لەو ڕێگایەش کە ڕۆیشتووین ناگەڕێینەوە.”

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەی کە لە دەمارەکانی کۆمەڵگادا هەیە درەنگ یا زوو مسۆگەر دەبێت.

هەروەها ڕێکخراوە خوێندکارییەکان، دوو ساڵەی شۆڕشی ژینایان وەکوو ئاوێنەیەک لە خەباتی بەردەوامی نەوە بە نەوە لە دژی ڕێژیمی ئێران ناو بردووە، کە تا ئێستاش لە شەڕی سەنگەر بە سەنگەر لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدان.

لە بەشێکی دیکەدا باس لەوە کراوە کە زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان هەرگیز کاریگەریی نەبووە و ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەرفراوانەکان بە مانگرتنی گەورەی چینە جۆراوجۆرەکان لەوان کرێکاران، خانەنشینان و پەرستاران، دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێرانیان گەمارۆ داوە.

هەروەها لەم ڕاگەیەندراوەدا وێڕای ئاماژەدان بە خۆڕاگری و خەباتی ژنان لە زیندانە جیاجیاکانی ئێران بە مەبەستی پێشخستن و بەرەوپێشبردنی ئەم شۆڕشە سەرتاسەرییە، باس لەوە کراوە کە هاواری ناڕەزایەتیی ئەوان لە قووڵایی زیندانەکانی ڕێژیمی سێدارە گەیشتووەتە گوێی خەڵکی جیهان.