کۆنگرەی دێموکراتەکانی ئەمریکا و دێموکراسیی دێموکراتەکان
ئەلبورز ڕوویینتەن
یەکێک لە هەڵبژاردنە گرینگەکانی دونیا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەمریکایە، چونکە کاریگەریی ئەمریکا لە ئاستی جیاوازدا بە سەر سیاسەتی هەموو دونیا وای کردوە هەندێک جار خەڵکی وڵاتانی دیکە زیاتر لە خەڵکی نێوخۆی ئەمریکاش تامەزرۆی چۆنیەتی و یەکلابوونەوەی ئاکامی ئەو هەڵبژاردنانە بن.
هەڵبژاردن تاکە پێداویستیی دێموکراسی نییە، بەڵکوو یەکێک لە دەیان پێشمەرج و پێداویستی و لە چوارچێوەی ڕێسا و یاسای دیاریکراوی دێموکراتیکدا وەک قوناغی گرینگی دێموکراسیەکان دەبیندرێ. ئەوەی ئەمڕۆ بە نیسبەت دێموکراسی و وڵاتانی دێموکراتیک جێگای سەرنجە زیاتر لەو هەڵبژاردنە و یاسا و ڕێسایەش هەبوونی کولتووری دێموکراتیک و بیرکردنەوەی دێموکراتیکی تاک و ڕێکخراوەکانە کە ئاستی دێموکراسییەکان دەباتە سەر.
بە نیسبەت ئەو بابەتە لەوانەیە ئەمریکا شوێنێکی تایبەتی بۆ دابنرێت و وەک لانکەی دێموکراسی بناسرێت و سەرەتای ئەو کولتوورەش بە دابەشکردنی دەسەڵات بە سەر دامەزراوە و ناوەندی جیاوازی نێو کۆمەڵگە و تەنانەت لەنێو ڕێکخراوەییشدایە. هەر ئەوەی کە نابێ سەرۆککۆمار لە دوو جار زیاتر خۆی بپاڵێوێ یەکێک لەو کولتوورانەیە کە بۆتە ڕێسا. ئۆباما سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە دەتوانێ زۆر بە ئاسانی بۆ جاری سێیەم ببێ بە سەرۆککۆمار، بەڵام ئەو کارە ناکات؛ سەرسوڕمانی خۆی بۆ ئەو سەرۆک کۆمارانەی چەند دەیە لەو پۆستەدان دەربڕیببوو.
دوای هاتنە سەر کاری ترامپ و کەسایەتیی جێگای مشتومڕی لە ئاستی جوراوجۆردا وەک کۆسپێکی نێو ڕەوتی دێموکراسی لەنێو وڵاتدا دەبیندرا، تەنانەت هێرشی لایەنگرانی بۆ سەر کۆنگرێس تابلۆیەکی نامۆی بە نیسبەت ئەمریکا نیشان دا، لەکاتێکدا لە دوایین دیبەیتی لە گەڵ بایدن، کاندیدی ئەوکاتی دێموکراتەکان توانیبووی سەرکەوتنێکی باش بە دەست بێنێ بە هۆی پیریی بایدن، ترسی ئەوەی جارێکی دیکە ترامپ ببێ بە سەرۆککۆماری ئەمریکا لەنێو دڵی دێموکراتەکاندا پەنگی خواردبۆوە و، تەنانەت بە دوای ڕێگە چارەدا دەگەڕان.
لەدۆخێکی وەهای پڕ لە نائومێدی بۆ دێموکراتەکاندا، بایدن وەک کاندید کشایەوە و هەروەها پشتیوانی لە کامێلا هەریسی جێگری کرد. کشانەوەی بایدن بۆ ئەمریکای خاوەن دێموکراسیش جێگای پێزانینێکی گەورە بوو کە دەیهەوێ دەستهەڵگری بەرژەوەندییەکانی بێ لە پێناو حیزبەکەی دێموکراتەکان و هەروەها وڵات لە گشتییەتی خۆیدا. بەڵام ئەوەی زیاتر هیوای بە دێموکراتەکان دا ئەو کۆنگرەی متمانەبەخشین بە کامێلا هەریس وەک نەریت و ڕێسای حیزبی دێموکرات لە شیکاگۆ بوو.
لەو کۆنگرە بەشکۆیەدا وێڕای متمانەبەخشین بە کامێلا هەریس چەندین وتاری سەرنجڕاکێش پێشکەش کران کە ڕەنگ و بۆنی دێموکراسیەتی لێ دەهات و بانگەشەیەکی گەورەش بۆ ئەو کولتوورە دێموکراتیکە بوو. چونکە بەشی هەرە زۆری ئەوانەی وتاریان پێشکەش کرد یا پێشتر سەرۆککۆمار بوون، یا کاندیدی سەرۆککۆماری بوون بەڵام سەرنەکەوتبوون، یا لە کێبەڕکێ لەگەڵ هەریس و جێگرەکەیدا بوون، یا وەک کاندیدی دێموکراتەکان لە داهاتوو سەیر دەکرێن. ئەوان هەر هەموویان بە وەلانانی ویست و داخوازیی تاکەکەسی و تەنانەت خەونەکانیان بۆ داهاتوو و ڕق و قینی ڕابردوویان بۆ پشتیوانی و کاندیدی ئەمجارە کە بە دڵی هەندێکیش نەبوو و ئەگەر ببێ بە سەرۆککۆمار ئەبێ بە یەکەمین سەرۆک کۆماری ژن لە ئەمریکا بە شێوازێکی کاریگەر دەڕبری. بەو شێوەیە دێموکراسیی ئەمریکا و دێموکراتەکان و لەویش گرینگتر کولتووری دێموکراسی پێشانی دونیا درا و بەوە دەرکەوت کە دێموکراسی نێوخۆی یەکێک لە فاکتەرەکانی بەهێزی ئەمریکا لە دەرەوەیە.
شک لەوەدا نییە کە سیاسەتی دێموکراتەکان بە نیسبەت زۆر دیاردەی جیهانی و بە تایبەتی ئێران جێگای ڕەخنەی کۆماریخوازەکان و زۆر لایەنی دیکەش بووە و تەنانەت لە قسەکانی هەریس لەو کۆنگرەیەداش هاتبوو کە ئیتر ڕێگە نادەن ئێران بەو شێوەیە بەردەوام بێ، بەڵام ئەوەی جێگای باسی ئەو بابەتەیە تێڕوانینێکی نێوخۆیی بوو بە نیسبەت هەڵبژاردن و دێموکراسی لە نێوخۆی ئەمریکادا. واتە دەرکەوتنی ڕاستییەک کە دەیسەلمێنێ ئەوە کولتوری دێموکراتیک و بیرکردنەوەی دێموکراتیکە کە لانی کەم بە ئەندازەی یاسا و ڕێسای دێموکراتیک بە پێداویستیی هەبوونی دێموکراسییەکی سەرکەوتوو دادەنرێ کە بەردەوام بە سەر کۆسپەکانی سەر ڕێگادا باز بدات و بەرەوپێش هەنگاو هەڵگرێ.