کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕوانە باخێکە پڕ داری شەهید

22:00 - 17 خەرمانان 2724

بڕوانە باخێکە پڕ داری شەهید (شەهید مەلا سمایل کوردنژاد)

برایم چووکەڵی

له‌و کوردستانه‌ پان‌ و به‌رینه‌دا‌ زۆر بنه‌ماڵه‌ی فیداکار به‌رچاو ده‌که‌ون که‌ له‌ هه‌موو ته‌مه‌نیاندا ساتێک خۆشییان نه‌دی، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتداری به‌ سه‌ر وڵاته‌که‌ماندا، چونکی نه‌ته‌وه‌‌ته‌که‌مان‌ له‌ ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ به‌ ناخۆشی ‌و دوور له‌ خۆشییه‌کانی ژیان فرچکی‌ گرتوە و زۆردارانی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ر له‌ ڕۆژه‌کانی یه‌که‌مه‌وه‌ نه‌یانهێشتوه‌ سەرکوتیان کردوە. بەڵام کورد زۆر ئازایانە به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ملهوڕان ‌و زۆرداران کردوه‌. مه‌لا سمایل کوردنژاد یه‌کێک له‌و قاره‌مانانه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام دژی زۆرداری وه‌ستاوه‌ته‌وه و لە مێژووی خۆڕاگری و خەباتی کورد بۆ مافەکانیدا مێژوویەژی پڕ شانازیی بۆ خۆی تۆمار کردوە‌.     

تازە دەرەبەگایەتی بارگەوبنەی پێچابۆوە کە لە ئاوایی "زمێ" لە ناوچەی شنۆ سمایل چاوی بە دنیا هەڵێنا. پاشان بە ڕەوڕەوەی دار بەڵالووکەکانی شنۆی دڵسۆز پێی هەڵگرت‌ و ڕەوانەی قوتابخانە کرا. لە هەل‌ومەرجەی ئەوکاتدا توانی تا پۆلی ٦ی سەرەتایی بخوێنێ ‌و پاشان ڕەوانەی قوتابخانەی ئایینی کرا. بارودۆخی ژیان وای کرد مەلا سمایل کوردنژاد ڕوو لە کاری وەرزێڕی بکا. بەڵام وەک بەژان لەدایک بوو، بە ژانیش گەورە بوو، بەڵام ئەو زوڵم و زۆرداریی لە کەس قەبووڵ نەدەکرد. بۆیە ژاندارمەکان بەربینگیان پێ گرتن ‌و بە ناچاری وێڕای بنەماڵەکەی ڕوویان لە کوردستانی باشووڕ کرد.

مەلا سمایل و بنەماڵەکەی دوای نسکۆی شۆڕشی کوردستانی عێڕاق لە ساڵی ١٣٥٤ گەڕانەوە گوندی زمێ ‌‌و سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی‌ ١٣٥٧ی هەتاوی كه‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران له‌دژی‌ ڕێژیمی‌ گه‌نده‌ڵ ‌‌و بێزراوی‌ پاشایه‌تی‌ بوو، ئه‌ویش وێڕای‌ خۆپێشاندەران بێزاریی‌ خۆی‌ له‌ ڕێژیمی‌ حه‌مه‌ڕه‌زا شای‌ په‌هله‌وی‌ ده‌ربڕی‌. دوای‌ ئه‌وه‌ش كه‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران سه‌ركه‌وت ‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان تێكۆشانی‌ ئاشكرای‌ خۆیان ده‌ست پێ كرد، مەلا سمایل به‌ گوێره‌ی‌ ناسیاوییه‌ك كه‌ له‌سەر حیزبی‌ دێموكڕات هه‌یبوو، وه‌ك كوڕه‌ كوردێكی‌ بەهه‌ست‌ و نیشتمانپه‌روه‌ر ئه‌و حیزبه‌ی‌ وه‌ك وه‌دیهێنه‌ری‌ ئامانجه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ په‌سه‌ند كرد ‌و، هاتە ڕیزی ئەندامانی ‌ حیزبی‌ دێموكڕاتی‌ كوردستانەوە.

‌‌ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بە بیستنی هەواڵی شەهیدبوونی براکەی (محەممەدی عەلی پیرێژنێ)، سمایل چەکی پڕ لە شانازیی برا شەهیدەکەی لە شان کرد و وەک پێشمەرگەیەکی بەوەج ڕێگای محەممەدی برای گرتە بەر. ئەو زۆر زوو بوو بە خۆشەویستی هەڤاڵەکانی‌ لە هێزی شەهید سمکۆی ئەوکات ‌و، قایم وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە سەنگەری خەبات‌ و تێکۆشاندا دژی داگیرکەرانی کوردستان خەباتی کرد. ئەو لە ماویەکی کورتدا توانی پلەکانی نیزامی یەک لە دوای یەک ببڕێ ‌و سەرەتا وەک سەرپەڵ‌ و دواتر سەردەستە دیاری کرا و پاشان فەرماندەریی لکی محەممەد عەلی پیرێژنێ پێ سپێردرا.

مەلا سمایل دوای کۆنگرەی ٤ی حیزب و دابڕانی تاقمی ٧ کەسی وازی لە پێشمەرگایەتیی حیزب هێنا و لە شاری شنۆ گیرسایەوە، بەڵام هەستی نەتەوایەتی وای لێ کرد نەتوانێ دەست لەسەر دەست دابنێ‌ و پاش ماوەیەکی کورت پێوەندیی تەشکیلاتیی لەگەڵ حیزب گرێ دایەوە. مەلا سمایل لە نێو شاری شنۆ هەرچی حیزب پێی دەسپارد ئازایانە بەڕێوەی دەبرد. تازە ٣ مانگ بوو شاری شنۆ لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە داگیر کرابوو کە ئەو لە زستانی ساڵی ١٣٦٠ هاتەوە دەرێ و، لە هێزی ئاگری چەکی قارەمانانی ئەو مەڵبەندەی لە حیزبی دێموکراتدا کردەوە شان.

مەلا سمایل زۆر زوو توانی جارێکی دیکە ئازایەتیی خۆی نیشان داتەوە و ڕوحێکی تازە لەو ناوچەیە بە هاوسەنگەرانی ببەخشی‌. بۆیە بە هۆی ژیریی سیاسی و ئازایەتیی پێشمەرگانە و لەخۆبووردوویی وەک فەرماندەری لک دیاری کرا. ئەو لەو بەرپرسایەتییەدا زۆر زەبری قورس ‌و بەژانی لە هێزی کۆماری ئیسلامی دا و، بوو بە فەرماندەیەك کە ئێستاش داستانەکانی پشتاوپشت بۆ یەکتری دەگێڕنەوە.

مەلا سمایل قارەمانیك بوو وەک محەممەدی برای، هیچ هێزیكی دوژمن خۆی لە بەر نەدەگرت، ناوچەی شنۆ ‌و نەغەدەی لە دوژمن کردبووە گوڕستان، بە تایبەتی لە شەڕەکانی ناوچەی نەغدە، قەڵاتان ‌و نێو شاری شنۆ ئازایەتیی ئەو بوو بە وێردی سەر زمانان. مەلا سمایل زۆر شەڕی قارەمانانەی دیکە فەرماندەیی کرد لە دزە و برازان، لە دۆبڕە و کەلوڕ کە وەک لاپەڕەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی خەباتی پێشمەرگەکانی ئەو مەڵبەندەدا دەدرەوشێنەوە. ئەو قارەمانە نەبەزەی کورد گەڵاڵەداڕێژێکی کارامەی نیزامی، ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتوو، فەرماندەیەکی بەوەج‌ و لێوەشاوەی ناوچەی ورمێ بوو. دەست‌وبردی، کۆڵنەدان و ورەی بەرزی بە تەواوی مەلا سمایلی کردبووە خۆشەویستی خەڵك‌ و هاوسەنگەرانی. ناوبراو ببووە فه‌رمانده‌یه‌کی ئازا و بوێر، به‌ جه‌رگ که‌ خۆی ته‌نیا هێزێک ‌و له‌ هێزدا وره‌ ەخش ‌و له‌ شه‌ڕدا یەک پارچە ئاگر و قارەمان بوو.

ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٣ مەلا سمایل لەگەڵ ٥ هاوسەنگەری دیکەی سەر بە کۆمیتەی شارستانی ورمێ لە شوێنێک بە ناوی دەشتەکان دەمێننەوە، بەڵام سیخوڕ پێیان دەزانن و لە لایەن هێزیكی زۆری ڕێژیمەوە پەلامار دەدرێن. ئەوان وەک هەمیشە کە لە سەنگەری خۆڕاگریدا بار هاتبوون، بەرپەرچی دوژمنیان داوە و ئامادە نەبوون سەر بۆ نەیار نەوی بکەن. ئەوان تا دوا فیشەک ‌و دڵۆپی خوێن شەڕ و خۆراگرییان کرد، بەڵام بە داخەوە پاش ٥ سەعات بەربەرەکانی و خوڵقاندنی حەماسەیەکی بێ‌وێنە، هەم هەموویان شەهید بوون.

ناو و یادیان هەمیشە زیندوو.