کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەونی سەرۆک‌کۆمار و تراویلکەی ئیمام جومعە

22:15 - 17 خەرمانان 2724

خەونی سەرۆک‌کۆمار و تراویلکەی ئیمام جومعە

دارسمە

دوای ئەوەی ئیمام جومعەی تەورێز و سەرۆک‌کۆماری پێشووی ئێران بە هۆی تەم و مژی داسەپاوی سەر ئاسۆی ئێران بە یەکەوە شەربەتی شەهادەتیان مەیل فەرموو، هەموومان هەستمان بە ئاستی هاوبەشیی سەرۆک‌کۆمار و ئیمام جومعە کرد. بە خووڵقانی ئەم دۆخە بە هەموو عەقڵ و تێگەیشتنی خۆمانەوە پێمان وابوو سەرۆک‌کۆمار و ئیمام‌جومعە وەک دوو کەسان بە مافی یەکسانەوە ڕوویان کردووەتە دونیای هەرمان و وەک یەک و بە جۆرێکی تەواو یەکسان لە سوودەکانی جەننەت بەشدار دەبن، شەرابەنتەهوور دەنووشن و دەگەڵ حۆریاندا چاوشارکێ دەکەن.

ئێمەی ماڵوێران بەردەوام بەم جۆرەین خەونی خۆشمان لێ پووچەڵ دەبنەوە و ڕووداوی ڕاستەقینە و بەرچاو وامان لێ‌دەکەن هەموو خەون و ختوورەمان ببنە تراویلکە.

هەر سەبارەت بە سەرۆک‌کۆمار و ئیمام جومعە، هێشتا کفنی سەرۆک‌کۆماری پێشوو و ئیمام جومعەی پێشووی تەورێز و یارانیان دوای بەربوونەوەی باڵەفڕی گۆرین زەرد نەبووە، ئێستا کێشەیەکی گەورە کەوتووەتە نێوان سەرۆک‌کۆمارێکی دیکە و ئیمام جومعەیەکی دیکە.

چیرۆکی سەرۆک‌کۆماری نوێ دەگەڵ یەکێک لەم ئیمام جومعانەوە لێرەوە سەری‌ هەڵدا، ئیمام جومعەی شاری بابول له باکووری ئێران لە وتاری هەینیی چەند ڕۆژی ڕابردوویدا ئاوێکی ساردی پێمان داکرد و پێشانی داین ئیمام جومعە زۆر لە سەرۆک‌کۆمار و شتی وا گەورەترە.

مەلا "موجتەبا ڕوحانی‌ڕاد" خوتبە‌خوێنی نوێژی هەینیی بابول لەسەر ڕووداوێکی زۆر سادە لە وتاری ئەم هەفتەیەدا سەرۆک‌کۆماری نوێی کردە ماست و لەپێش سەگانی ڕۆکرد. پەیوەندیی نێوان ئیمام جومعەی زیندوو و سەرۆکۆماری زیندوو لە گەڵ پەیوەندیی ئیمام جومعە و سەرۆک‌کۆماری مردوو زۆر جیاوازە.

ئەم ئیمام جومعەیە خۆی دەستنێشان‌کراوی ڕێبەرە و به هیچ لەونێک ئاماده نییە سەر بۆ ئەو سەرۆک‌کۆمارە نەوی بکات کە لە ڕواڵەتدا لە لایەن عەوامەوە هەڵبژێردراوە. پەیامی سەرەکیی ئەم ئیمام جومعەیە ئەمەیە پێمان بسەلمێنیت سەرۆک‌کۆمار هەڵبژێردراوی عەوامە و لەچاو ئیمام جومعەی دەستنیشانکراوی ڕێبەر وەک قاچکی وشکبووی تەڕەپیاز لەبەرانبەر کۆتەرەی ئەستووری داربەڕوویە. 

کێشەی نێوان ئیمام جومعەی بابول و مەسعوود پزیشکیان کاتێک سەری هەڵدا کە پزیشکیان گوتی لیژنەیەکی بۆ لێکۆلێنەوە لە ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتییەک پێک‌هێناوە کە بەدەست هێزی ئینتزامی لەژێر ئەشکەنجەدا مردوە. لێرەدا خراپ‌تێگەیشتنێک لە نێوان ئەم سەرۆک‌کۆمار و ئیمام جومعەیەدا ڕووی داوە. سەرۆک‌کۆماریش وەک ئیمام‌جومعە لە بنەڕەتدا دژی ئەشکەنجە نییە، بەڵام خۆی بە نوێنەری ڕێفۆمخوازان ناساندوە و وەک هەموو ڕیفۆرمخوازێک پێی‌وایە دەبێت کار بە کارزان بسپێردرێت و ئەمەش پێشانی دەدات سەرۆک‌کۆمار بە توندی لایەنگری شایستەسالارییە. هێزی ئینتزامییش لە باکووری ئێران پێی لەسەر چەمکی شایستە‌سالاری داناوە و بێ ئەوەی ئیزن بدات ئەشکەنجەگەرانی شایستە و لێهاتوو کەسێک بە ناوی محەممەد مووسەوی ئەشکەنجە بکەن، خۆیان ئەشکەنجەیان داوە و هەر لەبەر ئەوەی لە کاری ئەشکەنجە‌کردندا بە ڕێژەی پێویست شارەزا نەبوونە، بە زەبری لێدان کۆچی دواییان بەم کابرایە کردوە. 

سەرۆک‌کۆماریش بە سەرێک ناحەق نییە، ئەی ئەوە نییە سەرۆکی کابینەیە و وزیر‌ی نێوخۆش ئەندامی کابینە و بەرپرسی هێزی ئیتنزامیشە؟ بەم جۆرە سەری گوریسەکە دەگاتەوە سەرۆک‌کۆمار و یاسا ئیزنی پێ دەدات قسەیەک بکات، بەڵام لە بنەڕەت‌ڕا چونکە هێزی ئینتزامیش بە هێز دەژمێردرێت و و ڕێبەریش سەرۆکی هەموو هێزی چەکدارە، لێرەدا ڕێبەر لە دەستەڵاتدارێتیدا پشکی شێر و سەرۆک‌کۆماریش پشکی ڕێویی بەر دەکەوێت. بەمجۆرە کاتێک ئیمام جومعە دەستنیشانکراوی شێر بێت، ڕێوی تەنیا دەتوانێت عەوامان بە پاساوان بخافڵێنێت.

سەرۆک‌کۆماری قوڕبەسەر لە کاتێکدا ئەویش وەک ئیمام جومعە دەستنیشانکراوی ڕێبەرە، ناچارە لە بەر هێندێک هۆ وای پێشان بدات هەڵبژێردراوەی خەڵکە. ئیمام جومعەش بە جۆرێکی دیکە خەڵک پێناسە دەکات و ئەو خەڵک بە عوام دەزانێت و دیارە عەقڵی عەوامیش ئەگەر خەواسی عاقڵ ڕێبەریی نەکەن توورێکی تەڕ ناهێنێت.

سەرۆک‌کۆماری ماڵوێرانیش ئەگەر ناچار نەبووایە و ڕووداوی کوژرانی کابرای گۆرین ئەوا دەنگی نەدابایەوە، باسی لێژنە و مێژنە و شتی وای نەدەکرد. ئەی ئەوە نییە هەر باسی ئەو هاووڵاتییە ناکات هێزی ئینتزامی لە باشووری تاران بە پێنج شەش کەسان به زبری شەپ و‌ پێلەقە دەیخەنە سندووقی پشتەوەی ماشێن؟

لە لایەکی دیکەوە ئەگەر هێزی ئینتزامی نەبێت، کێ دەتوانیت ئەم هەموو کۆڵبەره بکووژێت؟ کۆڵبەران بە دوو هۆی سەرەکییەوە کوژرانیان زەرەرێکی وای لێ‌ناکەوێتەوە و پێویستیشە. یەکەمیان کۆڵبەر سەر بە لەشکری زۆر و زبەندی عەوامانە و دووهەمیش کۆڵبەران دەبنە هۆی شێواندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. کۆڵبەرێک بتوانێت لەم سنوورانە پارە پەیدا بکات و بە پارەکەی منداڵی بخاتە بەر خوێندن و منداڵەکەش دوای تەواوکردنی خوێندن و خوێندەوار بوون و بیرکردنەوەی قووڵ دیسان کاری دەست نەکەوێت و وەک باوکی بە بەڵگەنامەی بەرزی خوێندنەوە بچێتەوە کۆڵبەری و ئەویش منداڵانی خۆی دووبارە بنێتەوە بەر خوێندن، ئەوە لە ئاکامدا عەوام دەم دەکاروباری خەواس وەردەدەن و هەڵاوهەنگەمەیەک دەخووڵقێت سەگ خاوەنی خۆی بۆ نەدۆزرێتەوە.