کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی کوردی مەجلیس و خۆدزینەوەیان لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان

22:20 - 17 خەرمانان 2724

نوێنەرانی کوردی مەجلیس و خۆدزینەوەیان لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان

عومەر باڵەکی

هۆکاری دروستبوونی پارلمان یا مەجلیس لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤایەتیدا  مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەگەرێتەوە بۆ چەندین سەدەی بەر لە ئێستا، و لەو کاتەوە مەجلیس یا پارڵمان پێک‌هاتووە؛ هەتا سەردەمی ئێستا کە بەپێی نیازی کۆمەڵگەکان ئاڵوگۆر بە سەر پێکهاتە و شێوەی هەڵبژاردن و ئەرکەکانیدا هاتووە. لە سەردەمانێکدا پێکهێنانی مەجلیس ڕەنگە هەر بۆ پرس و ڕاوێژی پاشا یا ئیمپراتور لە کاروباری ڕۆژانەی وڵاتدا بووبێ کە ئەندامەکانی ئەو مەجلیسە لەنێو چین و توێژی تایبەت لە لایەن پاشا یا ئیمپراتورەوە دەستنیشان دەکران و تەنیا لە بەرانبەر پاشادا وەڵامدەر دەبوون. بەڵام بە تێپەربوونی کات و گۆرانی شێوازی دەسەڵاتدارەتی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بە سەر دامودەزگای جۆراوجۆردا ئەرک و دەسەڵات و شێوەی دەستنیشان کردنی ئەندامانی مەجلیس ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە.

 لە سەردەمی ئێستادا ئەندامانی مەجلیس لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و بەپێی پێوانەکانی سەردەم لە بەرانبەر خەڵکیشدا بەرپرسیارن. لە سەردەمی ئێستادا مەجلیس عینوانی ناوەندی قانووندانانی وڵاتی بەخۆیەوە گرتوە و لە هەمان کاتدا چاوەدێری بە سەر شێوازی جێبەجێکردنی ئەو قانوونە دەکا کە لە لایەن دەوڵەت وەک دامەزراوەی جێبەجێکار بەرپرسایەتیی جێبەجێکردنی لەنێو کۆمەڵگەدا دەکەویتە سەر شان.  

لە دوای کوژرانی گوماناویی ڕەئیسی، سەرکۆماری پێشووی ئێران و خۆ ئامادەکردنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ بەناو هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی سەرکۆماری، کۆمەڵێک باسی جۆراوجۆر لەسەر ئەو هەڵبژاردنە و دروستکردنی کەشوهەوایەکی هیوابەخش لە لایەن لایەنگرانی حکوومەتەوە چ لە نێوخۆ وچ لە دەرەوە دروست بوو. لەگەڵ ئەوەدا کە ئۆپۆزیسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو بەناو هەڵبژاردنەیان تەحریم کرد، بەڵام لەو نێوەدا بیجگە لە لایەنگرانی ڕێژیم کە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقی دەنگدان بەو پرسەوە تەنگەتاو بوون، بەداخەوە هێندیک لە نوێنەرە کوردەکان لە مەجلیسی ئێران هەموو توانای خۆیان خستە گەر بۆ ئەوەی دەنگدەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەلکێشیە سەر سندووقەکان بکەن بۆ ئەوەی ناوی "مەسعود پزیشکیان" لە سندووقی دەنگدان بێننە دەر؛ بەو هیوایە لەو لمەدە کلاوێکیان بەرکەوێ. بەڵام دیتمان لە کۆتایی فیلمەکەی هەڵبژاردنی بەناو سەرکۆماریدا ئاکامەکە وا دەرنەچوو، بەڵکوو هەتا ڕادەیەک ئەو نوێنەرە کوردانەی هەوڵی زۆریان بۆ "پزیشکیان" دابوو بە قەرزداریش دەرچوون.

ئەوەی لێرەدا دەمانەوێ باسی بکەین و، وەبیر نوێنەرە کوردەکانی مەجلیسی بخەینەوە ئەوەیە ئەوان ئەگەر خۆیان بە نوێنەری خەڵك دەزانن دەبێ لە بیریان بێ قسە و هەڵوێست و کردەوەکانیان لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێ، نەک بەرژەوەندیی تاکی خۆیان. چونکە ئەو قۆناغە دەرنگ یا زوو کۆتایی پێدێ و میژوو سەڵماندوویەتی نیزام و ڕێژیمە سیاسی و حوکمرانییەکان تەمەنیان بە سەر دەچی و ئەوەی دەمێنێتەوە نەتەوە وگەلە. بۆیە باشە ئەو ئەندامە کوردانەی مەجلیس بزانن و وەبیر خۆیان بێننەوە پێش ئەوەی ببنە ئەندامی مەجلیس، تاکی کۆمەڵگەی خۆیانن و لە هەر هەلومەرجێکدا بن هەر دەبێ بگەڕێنەوە بۆ نێو ئەوکۆمەڵگەیە. بۆیە لە هەموو کاتێکدا لەسەریانە بەرژەوندیی خاک و نەتەوەی خۆیان لە بیر بێ بۆ ئەوەی شەرمەزاری خەڵکی خۆیان نەبن، هەڵبەت ئەگەر خۆیان بە بەشێک لەو کۆمەڵگەیە بزانن و ئەو بابەتانەیان لەلا گرینگ و بەبایەخ بێت.

بەپێی هەموو ئامارەکان گەلی کورد لە ئێران چ لە بواری پانتایی خاکەوە و چ لە بواری حەشیمەتەوە دوای نەتەوەی فارس و تورک سێهەمین نەتەوەی پێکهێنەری ئێرانە و بە نزیک بە ٣٠ کەس نوێنەری لە مەجلیسی ئیسلامی ئێراندا هەیە. ئەگەر زۆریش بە ناخی مێژوودا نەچێنەوە خواری، دۆست و دوژمن ئەو ڕاستییە باش دەزانن نزیک بە سەد ساڵە خەڵکی کوردستان لە هەموو باریکەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە دەچەوسێنەوە و لە بچووکترین مافی ئیسنانی و سروشتیی خۆیان بێبەش کراوەن. ئەگەر پرۆسەی چەوسانەوەی خەڵکی کوردستان لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامی لەو ماوەدا بە وردی تاوتوێ بکەین، دەبینین هەم لە بواری سیاسی و ئابووری، هەم لە بواری کۆمەڵایەتی و ژینگەیی دەسەڵاتدارانی تاران دەستیان لە هیچ غەدرێک دەرحەق بە خەڵک و ژینگەی کوردستان نەپاراستوە. هەر بۆیە لە ماوەی نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە هەموو هەوراز و نشێوەکانی بۆ چرکەیەک لە خەبات ڕانەوەستاوە و ئەو بزوتنەوەیە بە خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرج درێژەی بە کار و تیکۆشانی خۆی داوە.

لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ئەوەی سەلمێندراوە ئەوە بووە ئەو خەباتە هەتا سەرکەوتن درێژەی دەبێ. لێرەدایە پێویستە وەبیر نوینەرە کوردەکانی مەجلیسی ئێران بێنینەوە ئەگەر بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە هاوکاریی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن، دەبێ باش بزانن بێدەنگیی ئەوان لە بەرانبەر ڕوداوەکانی کوردستان واتە پەسندی سیاسەتەکانی ڕێژیمە دەرحەق بە خەڵک و خاکی کوردستان و بەو پێوانەیە، ئەوانیش دەبنە بەشیک لە جێبەجێکارانی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌ندامه‌ کورده‌کانی مه‌جلیسی شوڕای ئیسلامی به‌ تاک‌وکۆ له‌ به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ڵوێستیان هه‌بێ،‌ ڕەنگە ئەو وێنەیە لە بەرچاوی خەڵکی کوردستان دروست نەبێ کە ئەوان نوێنەری دامودەزگای ڕێژیمن و نوێنەری خەڵک نین!

ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ڕەحمەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێڕاندا بە دەیان ڕووداوی کارەساتباری مرۆیی و ژینگەیی ڕوو دەدەن، وەک: کوشتنی کۆڵبەران، سوتانی دارستانەکان، ڕاکێشانی ئاوی کوردستان بۆ شووێنەکانی دیکەی ئێران، دزین و بە تاڵانبردنی ئاسەواری مێژوویی، هەڵکشانی بیکاری و هەژاری لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، نەبوونی دوکتور و دەرمان و نەخۆشخانەی پێویست، دڕێژەدان و هەڵکشانی ئیعدامەکان، بە تاڵانبردنی سامانی گشتیی کوردستان، گرتن و زیندانیکردنی چالاکانی مەدەنی و بوارە کۆمەلایەتییەکان و.....هتد کە بەپێی قانوونی پارلمانی بە دواداچوون و لێپرسینەوە لەوانە کاری ئەندامەکانی مەجلیسە.

 لە قانوونی بنەرەتیی ئێراندا بە هەموو لەنگ و لۆرییەک ئەگەر بۆ نیشانیدانی ڕوخساری جوانی مەجلیسی ئێرانیش بێ، بەپێی ئەسڵەکانی ٧٦ و ٨٤ ئەو مافەی بە ئەندامانی مەجلیس داوە لە هەموو بابەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بکۆڵنەوە و بەدواداچوونیان بۆ بکەن. هەر بەپێی ئەسلی ٨٩ ئەندامانی مەجلیس بە کۆکردنەوەی تەنیا دە ئیمزا دەتوانن لەسەر بابەت ڕووداوە جۆراوجۆرەکان داوای لێپرسینەوەی لە هەیئەتی وەزیران یا هەر وەزیرێکی دەوڵەت بکەن. ئەگەر نوێنەرە کوردەکانی مەجلیس بتوانن لەنێو خۆیاندا کۆدەنگی دروست بکەن و لە ڕێگای قانوونەوە هەوڵ بدەن لەسەر پرسە نیشتیمانی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی خەڵکی کوردستان جیا لە بۆچوونی سیاسی و باوەڕەکانیان هەوڵی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی دەوڵەت بدەن. ئەوکات دەبینین بە جیگای دەست پانکردنەوە لەبەر دەرگای دەسەڵاتداران بۆ وەرگرتنی پۆست و وپلەی حکومەتی، ڕوانینی دەسەڵاتدارانی تاران هەم بۆ ئەو نوێنەرانە و هەم بۆ کۆمەڵێک پرسی نێوخۆی کوردستان بە ئاقارێکی دیکە دا دەروا و ڕەنگبێ بە قازانجی بزوتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد و پێشگرتن بە هەندێک ڕووداودا بشکێتەوە.