لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لەژێر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە لێواری ڕووخان دایە، یەکەم پەیامی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ کۆماری ئیسلامی بڵاو کرایەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر بەردەوامیی شەڕ، تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە و بە بارمتەگرتنی ئابووریی جیهان دەکاتەوە.
موجتەبا خامنەیی کە لە ڕێگەی مەجلیسی خوبرەگانی دەستنیشان کراوەوە کراوەتە جێگرەوەی باوکی، لە یەکەم پەیامیدا کە لەلایەن پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنییەوە خوێندرایەوە، هەڕەشەی بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هۆرمۆز و پەرەپێدانی بەرەکانی شەڕی کرد.
ئەم پەیامە نیشاندەری ئەوەیە کە ڕێژیم لە لوتکەی قەیرانەکاندا، جگە لە زمانی تۆڵەکردنەوە و سوودوەرگرتن لە گرووپە میلیشیاکانی لە عێراق، یەمەن و لوبنان، هیچ بەرنامەیەکی تری بۆ دەربازبوون لەو گێژاوە نییە کە خۆی خولقاندوویەتی.
ڕێبەری نوێی ڕێژیم لە کاتێکدا باس لە "وەگرتنی غەرامە" لە دوژمنان و هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی دراوسێ دەکات، کە ئێران بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی بنەماڵەی خامنەییەوە ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی بێوێنە بووەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە بڵاوبوونەوەی پەیامەکە بە شێوەی نووسراو، گومانەکان لەسەر برینداربوون و تێکچوونی باری تەندروستیی موجتەبا خامنەیی پشتڕاست دەکاتەوە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی باڵوێزی ڕێژیم لە قێبرێس ئاشکرای کردبوو کە ناوبراو بەهۆی بریندارییەوە لە نەخۆشخانەیە و توانای وتاردانی نییە.