کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوتاری تاران؛ لە نێوان شۆکی شەڕ و تاکتیکی مانەوەدا

22:24 - 18 رەشەمه 2725

پێشەوا عەلیپوور

پاش تێپەڕینی ٧ ڕۆژ لە دەستپێکی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران و شڵەژانی نێوخۆیی ڕێژیم، مەسعوود پزیشکیان لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کتوپڕدا، ڕووی گوتارەکەی ئاراستەی حیزبە کوردستانییەکان و وڵاتانی دراوسێ کرد. ئەم پەیامە کە لەژێر گوشاری قەیراندا دەرچوو، هێشتا مەرەکەبەکەی وشک نەببووەوە کە لە لایەن "مۆحسینی ئێژەیی" و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕەخنەی لێ گیرا و بەشێکی ڕەت کرایەوە. ئەوەی لەم نێوەندەدا جێی تێڕامانی سیاسییە، گۆڕینی کتوپڕی تۆنی ئاخاوتنی سەرۆک‌کۆمار بوو؛ ئەو بەبێ بەکارهێنانی چەمکە باوەکانی وەک "جیاخوازی"، بە زمانێکی نەرم و لێپاڕانەوە داوای چارەسەری کێشەکانی دەکرد. هاوكات "لاریجانی"یش، بە "نێوخۆیی" ناساندنی پرسی کورد، هەوڵی دا لە زبریی گوتاری چەند دەیەی ڕابردووی ناوەند کەم بکاتەوە.

بەرپەرچدانەوەی ئەم گوتارە پێویستی بە وردبوونەوە لە مێژوو هەیە؛ دەبێ بە ڕاشکاوی بە کاربەدەستانی تاران بگوترێ: "ئەم خەنەیە ڕەنگی نەماوە". ئەم گۆڕانکارییە لە ئاستی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی‌دا، لە کاتێکدا وڵات لە شەڕێکی پڕتێچوودا چەقیوە و ڕێبەرانی پلە یەکی تیرۆر کراون، بە هیچ شێوەیەک "وەرچەرخانێکی ستراتیژی" نییە، بەڵکوو تەنیا "تاکتیکی مانەوە"یە لە لێواری ڕووخانی ڕێژیمدا، کە دەکرێ لەم چەند خاڵەدا کورتی بکەینەوە:

١. پارادۆکسی یەکڕیزی و پێکهاتەی دەسەڵات: ئەو کاربەدەستانەی لە کاتی قەیراندا پەنا بۆ چەمکی "یەکڕیزی" دەبەن، دەبێ بزانن یەکگرتوویی بە "زمانبازی" و کایەکردن بە وشە نایەتە دی، بەڵکوو پێویستی بە "ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا" هەیە. ئەزموونی ٤٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەلماندوویەتی کە تاران تەنیا کاتێک دەست بۆ "دیالۆگ" درێژ دەکات کە پێگەی لەرزۆک بێت؛ هەر کە جێی پێی قایم بووەوە، وەڵامی داخوازییەکانی کوردی بە سیاسەتی سەرکوت و "فتوای جیهاد" داوەتەوە. ئەمە "سندرۆمی ناوەندگەراییە" کە پێی وایە دەسەڵات تەنیا موڵکی نەتەوەی باڵادەستە و پێویستە نەتەوەکانی دیکە لەنێو "ئێرانیزم"ێکی سەپێنراودا بتوێنەوە. یەکێتیی ڕاستەقینە تەنیا بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، کشانەوەی سوپای داگیرکەر لە کوردستان و بەڕەسمی ناسینی مافی ئیدارەدانی نەتەوەکان لەسەر خاکی خۆیان دەست پێ دەکات.

٢. دابەزاندنی مافە نەتەوەییەکان بۆ "گازندە": حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تاران، سەد ساڵە بە سیستماتیک و شێوازێکی ڕێکخراو، خەریکی چەوساندنەوەی نەتەوەی کوردن. ڕێبەرانی ئێمەیان لەسەر مێزی دانوستان تیرۆر کرد و بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر خاکی کوردستان، کەچی ئێستا پزیشکیان زۆر نابەرپرسانە و چەواشەکارانە، ئەم مێژووە پڕ لە خوێنە بە "گلەیی" ناو دەبات! دابەزاندنی پرسی نەتەوەیەک بۆ ئاستی "ناکۆکیی نێوخۆیی"، نیشانەی تێنەگەیشتنە لە قووڵیی قەیرانی "ناسنامە" و پرسی نەتەوایەتی لە ئێراندا. ئەوەی لەم نیو سەدەیەدا ڕووی داوە "کێشەیەکی سادە" نییە، بەڵکوو "ژینۆسایدێکی سیستماتیک و سیاسی"یە. بانگهێشتکردن بۆ ئاشتی بەبێ قبووڵکردنی بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانانە، ڕیتۆریکێکی سیاسییە و هیچ ئیعتبارێکی یاسایی نییە.

٣. مێژووی خیانەت لە دانوستان: پزیشکیان وا دەزانێت نەتەوەی کورد مێژووی خۆی لەبیر کردووە. مێزی دانوستانی تاران بۆ کورد هەمیشە بۆسە و تەڵەی تیرۆر بووە. ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن، کۆماری ئیسلامی، تیرۆریستی ناردە سەر مێزی دانوستان و دکتۆر قاسملووی شەهید کرد. لە سیستمێکدا کە تیرۆر و دیپلۆماسی دوو ڕووی یەک دراون، دانوستان بێ‌مانایە. هەر جۆرە گفتوگۆیەک بێ "گەرانتیی نێودەوڵەتی" و بێ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە یاسای بنەڕەتیدا، تەنیا کات کوشتنە بۆ ڕێژیم.

٤. ڕەسەنایەتیی بزووتنەوە و مۆدێلی دەرەکی: تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی کورد بە "پاشکۆیەتیی بێگانە" و دەرەکی، بێڕێزییەکی گەورەیە بە تێگەیشتنی سیاسیی نەتەوەیەک کە پێش دروستبوونی ئەم ڕێژیمانەش خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژ بووە لە خەبات بۆ ناسنامە و مافەکانی. ئەگەر حیزبە کوردییەکان سوود لە درزە نێودەوڵەتییەکان دەبینن، ئەوە نیشانەی لێهاتوویی سیاسیی ئەوان و "بنبەستی ستراتیژیی تاران"ە. داگیرکەرێک کە مافی خوێندن بە زمانی دایکی پێشێل دەکات، ڕەوایی ئەوەی نییە تێکۆشانی ڕزگاریخوازی بە وڵاتانەوە بلکێنێت.

ئەنجام: ئاغای پزیشکیان! سەروەریی وڵات بە "پاڕانەوەی کاتی تەنگانە" نایەتە دی. تا ئەو کاتەی "ڕوانگەی ئەمنی" جێگەی خۆی بۆ "ڕوانگەی مافتەوەر" و دانپێدانانی پرسی نەتەوایەتی لە جوگرافیای سیاسیی ئێران چۆڵ نەکات، ئەم پەیامانە تەنیا "کەپەنکی دوای باران"ن. دیواری متمانە لە نێوان کوردستان و تاراندا ئەوەندە بەرز بووەتەوە کە ئیتر بە "زمانبازی" و تەقییە نانووسرێتەوە. مۆسکۆ نیوەی ڕێگاتان بێت.