کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی بەئەنقەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران

23:59 - 17 خەرمانان 2724

کەمپەینی مافی مرۆفی ئێران باسی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەئامانجکردنی بەئەنقەستی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەرانی بەلووچ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانان، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە کە لە ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵی زایینیدا و دوابەدوای تەقەی بەئەنقەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لانیکەم ٣٠ کۆڵبەر لەوانە ٣ منداڵ لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و لانیکەم ١٩٨ کۆڵبەریش بریندار کراون.

لە ڕاپۆرتی ئەم کەمپەینەدا هاتووە لە هەر لەم ماوە زەمەنییەدا، لانیکەم ٣٤ سووتەمەنی‌بری بەلووچیش بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژراون و ٣٩ کەسی دیکەش بریندار کراون.

هادی قائێمی، بەرپرسی کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران لە ناوچە سنوورییەکانی بە نموونەیەک لە کەڵکوەرگرتنی توندوتیژانەی ڕێژیم دژی نەتەوە بندەستەکان و توێژە لاوازە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران ڕاگەیاندووە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ساڵی ١٤٠٢دا ، لانیکەم ٢٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٣١١ کۆڵبەریش بریندار کراون.

هەروها لە ساڵی ڕابردودا ٤٠ سووتەمەنیبەری بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم کوژراون و لانیکەم ١٩ کەس بریندار کراون.

پێشتر ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵی زایینیدا ٢٣ کۆڵبەر کوژراون و ٢٥٤ کەسیش بریندار کراون کە زیاتر کە ٧٤ لەسەدی ئەم قوربانییانە کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی ڕێژیم.