کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

.پارتی ئازادیی کوردستان، ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەویی مەحکووم کرد

10:06 - 18 خەرمانان 2724

پارتی ئازادیی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی یێرانی مەحکووم کرد

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خەسرەوی مەحکووم و شەرمەزار دەکەین
داوای هاوهەڵوێستی و هەنگاوی هاوبەش لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین
وەک پارتی ئازادیی کوردستان لە هیچ کردەوەیەکی ناڕەوا بێدەنگ نابین

بە پێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بێهزاد خەسرەوی ئەندامی حدکا، دانیشتووی یاسایی هەرێمی کوردستان و پەناخوازی سیاسیی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانUNHCR،لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە لە شاری سلێمانی گیراوە و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی وەزارەتی تاوان و داپلۆسینی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە کراوەتەوە.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی توندی خۆی و  مەحکوومکردنی ئەو تاوانە و شەرمەزارکردنی بکەرانی، داوای ڕوونکردنەوەی ڕۆشن و بەدواداچوونی یاسایی لە لایەنە پێوەندیدارەکان دەکا. هاوکات داوا لە حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بۆ سنووردانان بۆ گوشارەکان و ڕێگریی لە دووپاتبوونەوەی دەستدرێژیی لەو جۆرە و پاراستنی گیان و کەرامەتی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کورردستان، هەر چی زووتر هەڵوێست و هەنگاو و ڕێوشوێنی هاوبەشی پێویست بگرنە بەر. ئێمە ئەگەر لە کێشە و گرفتە کوردستانییەکان و چارسەرکردنیاندا، باوەڕمان بە ئامراز و ڕەفتاری ڕەق نییە، بەڵام هەڵوێست و هەنگاو و پەیامەکانمان خاوەن هێزن؛ چونکە لە بوونی پرسێکی ڕەوا و خەبات و ڕاپەڕینی نەتەوەیەکی ڕزگاریخوازەوە ئیلهام وەردەگرن.
  پارتی ئازادیی کوردستان لە لای خۆیەوە لە هیچ کردەوەیەکی ناڕەوا دژی خۆی و هەر حیزب و هەر تێکۆشەر و هەر تاکێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بێدەنگ نابێت و هیوادارە نموونەی ڕەفتاری وەک ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خەسرەوی دوا جار بێت و گوشارەکانی سەر پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و پێشمەرگە و خاو و خێزانەکانیان کۆتایی پێ بهێندرێت.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤ک
٧ی سێپتامبری ٢٠٢٤ز