ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانان، دایە هاجەر بەرفی دایکی پێشمەرگەی دێرین خالید تەهازادە، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە ئاوایی دربکەی سەر بە شاری پیرانشار بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
دایە هاجەر خەڵکی شارەدێی نەڵۆس سەر بە شاری شنۆ بوو و بەهۆی پێشمەرگەبوونی کوڕەکەی و چەند کەسی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ناچار کران لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاویدا شارەدێی نەڵۆس بەجێ بهێڵن و بۆ چەند ساڵێک لە ناوچەکانی سەردەشت و ڕەبەت گیرسانەوە تا دواتر لەساڵی ١٣٧٧ی هەتاویدا لە ئاوایی دربکە سەر بەشاری پیرانشار جێگیر بوون بەڵام هەمیشە لەژێر چاوەدێری و گوشاری دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئاخوندیدا بوون.
دایە هاجەر دایکێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو کە هەردەم شانازیی بە ڕێبازی دێموکڕات و پێشمەرگەبوونی کوڕەکەیەوە دەکرد.
خالید تەهازادە لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوییەوە وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و دلێری هێزی کێلەشین و کۆمیتە شارستانی شنۆ وێڕای بەشداری لە چەندین داستانی حەماسی و خۆڕاگری دژ بە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی، چەندین جاریش بریندار بووە و هەرجار دوای ساڕێژبوونەوەی برینەکانی گەڕاوەتەوە مەتەرێزی پارتیزانانی دێموکڕات و دوایین بەرپرسیارێتیشی جێگری فەرماندەی دەستەی کۆماندۆ بوو لە ناوەندی ٣ی کوردستان.
خالید تەهازادە ساڵی ١٣٨٧ لە وڵاتی نۆروێژ وەک پەنابەری سیاسی وەردەگیرێت و لەو وڵاتەش بۆ ساتێک لە تێکۆشان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە حیزبییەکانی درێغی نەکردووە و ئەندامێکی هەڵسوڕ و چالاکی حیزبە.
تەرمی دایە هاجەر، ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا لە دربکە بەخاکی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.