کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆڕێکی بەربڵاوی تێلێگرامی بۆ پەرەدان بە پڕوپاگەندەی ڕێژیم و توندوتیژی دژی منداڵان و هێرشکردنە سەر چالاکانی سیاسی

10:52 - 18 خەرمانان 2724

گرووپی فیلتێربان سەر بە ڕێکخراوی میان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە تۆڕێکی بەربڵاو لە کاناڵە تێلێگرامییەکان کە نێوەڕۆکی جینسی و پۆڕنۆگرافی بڵاو دەکەنەوە، هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئەندامەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەکار دەهێنن.

پڕۆژەی فیلتێربان کە بە ئامانجی پشتیوانیی لە مافی دیجیتاڵ و تێگەیشتنی باشتر لە سیاسەتە ئینتێرنێتییەکان دامەزراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی "پاش چەند مانگ چاوەدێری و توێژینەوە لەسەر ئەم کاناڵانە بەڵگەگەلێک لە بەردەستدایە کە دەریدەخات ئەم کاناڵانە نە تەنیا لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی سیاسەتە دەرەکییەکانی هاوتەریبە بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگاندە و زانیاریی هەڵە و دوور لە ڕاستی کار دەکەن".

ئەم گرووپە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا زیادی دەکات "ئەم کاناڵانە کە نێوەڕۆکەکانیان فیلمی پۆڕنۆگرافی و توندوتیژیی جینسی بۆ سەر منداڵانە، کۆمەڵێک ئەپلیکەیشن بڵاو دەکەنەوە تاکوو ئەندامەکانیان لەو ڕێگەیەوە بتوانن بە شێوەی بەربڵاو کورتەنامە و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ چالاکانی سیاسی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بگرن تاکوو لەو ڕێگەیەوە بیانخەنە ژێر گوشاری دەروونییەوە".

فیلتێربان باس لەوە دەکات کە زانیاری تایبەتیی کەسایەتییەکان وەک ژمارەی تلفۆنی مۆبایل و ماڵەوە، کۆدی پۆستی و ئایدی تێلێگرامی چالاکان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەم کاناڵانەدا دادەنرێت و داوا دەکەن لە ئەندامان بە کۆمەڵ لەگەڵیاندا پێوەندی بگیردرێت و هەڕەشەیان لێ بکرێت.

ئەم گرووپە کە ئەم هەوڵانەی بە ئازار و ئەشکەنجەی سیستماتیک لە قەلەم داوە ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پێش بە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بەم کاناڵانە دەگرن و پۆلیسی "فەتا"یش لەم بوارەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو ناوەندە هیچ بەرپرسیارەتییەکی سەبارەت بەو بەرنامانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە فیلتێر کراون، نییە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پۆلیسی فەتا و ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم بەتوندی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەرنامە فیلتێرکراوەکانی وەک تێلێگرام و ئینستاگرام بە دژی کۆماری ئیسلامی نێوەڕۆک بڵاو دەکەنەوە، هەڵسوکەوەت دەکەن و سەدان نموونەی دەسبەسەرکرانی ئەو کەسانە تۆمار کراوە.

فیلتێربان لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا چۆنییەتیی هەوڵەکانی ئەم کاناڵانە شی دەکاتەوە کە ئەم کاناڵانە بە شیوەی تۆڕ پێکەوە کار دەکەن و ئەندامەکانیان دەبەنە نێو کاناڵەکانی دیکەوە و ئەگەر یەکێک لەم کاناڵانە لەلایەن کۆمپانیی تێلێگرامەوە بناسرێت و بەهۆی بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی جینسی دابخرێت، کاناڵێکی دیکە ساز دەکەن و ئەندامەکان بۆ نێو کاناڵەکە ڕادەکێشنەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆڕتەکەدا باس لەوە کراوە ئەدمینی ئەم کاناڵانە هەوڵ ئەدەن تاکوو چوارچێوەیەک بۆ گاڵتەجاڕیکردن بە شەهیدان و دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا و پشتیوانیکردن لە سزای سێدارە ساز بکەن و هەروەها لە سیاسەتە دەرکییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا پشتیوانی بکەن.