کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی گرووپە تاوانکارەکانی ئورووپا بۆ ئەنجامی هێرشە تێرۆریستییەکان لەلایەن تارانەوە

11:56 - 18 خەرمانان 2724

کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی لقی قودسی سپای پاسداران لە گرووپە تاوانکارەکانی وڵاتانی دەرەوە بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیلی و دژبەرانی ڕێژیم و چالاکانی سیاسیی دەروەی وڵات کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆی ئورووپا بە هاوکاری لەگەڵ ڕێپۆرتێرانی بێسنوور و هەواڵدەریی میدیا پارتی فەرانسە و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی دادسەرای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم لە فەرانسە، هێزی قودسی سپای پاسداران داوای لە گرووپە تاوانکارەکان کردووە تاکوو چوار کەس لە فەرانسە و سێ کەس لە وڵاتی ئاڵمان بکوژن و هەروەها چەند کۆمپانیی ئیسرائیلی لە باشووری فەرانسە ئاگر تێبەردەن.

دادسەرای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم لە فەرانسە مانگی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە تاوانکارەکانی ئورووپا وەک یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێرانی کردبوو.

بەم پێیە قاچاخچییەکی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری لیۆنی فەرانسە کە پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سپای قودسدا هەیە و ئێستە لە ئێرانە، ئەنجامی ئەم هێرشە تێرۆریستییانەی گرتووەتە ئەستۆ.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئورووپاوە، دەستی ڕاستی ئەم کەسە لە مانگی ئاپریلی زایینیی ئەمساڵدا لە بەندەری مارسەی فەرانسە دەسبەسەر کراوە و پێش بە کوشتنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی و یەهوودییەکان لە فەرانسە لەلایەن ئەم گرووپەوە گیراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا و مانگیک پێش لە ئازادکرانی حەمید نووری تاوانباری لەسێدارەدانەکانی دەیەی ٦٠ لەلایەن دەوڵەتی سویدەوە، بەرپرسی دەزگا هەواڵگرییەکانی سوید ڕایگەیاندبوو کە ڕیژیمی ئێران لە گرووپە تاوانکارەکان بۆ ئەنجامی کاری تێرۆریستی لە وڵاتانی ئورووپایی کەڵک وەردەگرێت.

باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا لە کاردانەوەیەک بەم ڕاپۆرتە هەموو ئەم بەڵگانەیان بە تۆمەتگەلیکی بێبنەما لە قەڵەم داوە

 

کەڵکوەرگرتن لەم گرووپانە ڕێگە بە تاران ئەدات تاکوو بە شاردنەوەی خۆی لە پشتی ئەم گرووپانەوە بەرپرسیارەتی خۆی لەهەمبەر کارە تێرۆریستییەکان ڕەت بکاتەوە و وەک ڕابردوو لێکەوتەیەکی بۆ ڕێژیم بەدواوە نەبێت.