کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خەڵک لە دۆخی ئێستای زاڵ بەسەر ئێراندا

22:11 - 18 خەرمانان 2724

بەپێی ڕاپرسییەکی نووسینگەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەرهەنگ، هونەر و پێوەندییەکانی ئێران لەژێر ناوی "شەپۆلی چوارەمی ڕوانینی ئێرانییەکان"، ٩٢ لەسەدی خەڵكی ئێران بەرانبەر بە دۆخی ئێستای ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەپێی ئاکامی ئەم ڕاپرسییە، گرانی و هەڵاوسان بە ڕێژەی ٨١.٩ لەسەد، بێکاری بە ڕێژەی ٤٧.٩ لەسەد، خووگری بە ڕێژەی ٢٩.٦ لەسەد، گەندەڵیی ئابووری و ئیداری بە ڕێژەی ١٣.١ لەسەد، پرسی خانوو بە ڕێژەی ١٢.١ لەسەد و پرسی حیجاب بە ڕێژەی ١١.٩ لەسەدە لە گرینگترین کێشەکانی خەڵکانی ئێرانن.

ئەم ڕاپرسییە ساڵی ڕابردوو و لە کۆمەڵگەیەکی ئاماریی ١٦ هەزار کەسیدا لە ١٥ پارێزگای ئێران و لە نێوان کەسانی سەرووتر لە ٥١ ساڵ و بنەماڵەکانی شار و گوندەکان ئەنجام دراوە.

بەپێی ئەم ڕاپرسییە، ٦١.٦ لەسەد جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی دۆخی ئێستا بوون، ٣٠.٢ لەسەدی خەڵکی دۆخی ئێستای وڵاتیان بە جۆرێک بینیوە کە گۆڕانی بەسەردا نایەت و ٨.٢ لەسەدیش دۆخی ئێستایان بە باش زانیوە و بەرگرییان لێ کردووە.

کارناسان و چالاکانی سیاسی، ئەم ڕاپرسییەیان لە ڕاستای پاساوهێنانەوە بۆ ناکارامەیی ڕێژیم و ڕێفۆرمی ئابووریی کە پزشکییان باسی لێ کردووە ڕاگەیاندووە و زیادیان کردووە کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە خوازیاری "تێپەڕین" لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن .