کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل کوژرانی هاشم سەفییەدین جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵای پشتڕاست کردەوە

11:18 - 18 رەزبەر 2724

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کوژرانی هاشم سەفییەدین جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵای پشتڕاست کردەوە.

بێنیامین نێتانیاهوو لەم پەیامەدا وتی: "ئێمە حیزبوڵڵامان لاواز کرد و جێگر و جێگرەوەکەی نەسروڵڵاشمان کوشت".

نێتانیاهوو زیادی کردووە کە ئەوان بە کوشتنی هەزارن چەکداری حیزبوڵڵا و ڕێبەرەکەیان ئەم گرووپەیان لاواز کردووە.

هاشم سەفییەدین ئەندامی شۆرای ڕێبەری حیزبوڵڵا و بە ئەگەری زۆر جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا بوو کە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر لە ناوچەی زاحییەی بەیرووت لە حەشارگەیەک لە ژێر عەرزدا، لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بە بۆمبی سەنگەرشکێن کرایە ئامانج.

بێنیامین نێتانیاهوو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا و ڕوو لە خەڵکی لوبنان سەبارەت بە مەترسییەکان وێرانکردنی لوبنان هاوشێوەی ئەوەی کە بە سەرغەززەدا هاتووە هۆشداریی دا و ڕایگەیاند "خەڵکی لوبنان لە ئێستەدا ئەو دەرفەتەیان هەیە پێش بە تێوەگلانی وڵاتەکەیان لە شەڕێکی درێژخایەن و وێرانکەر بگرن تاکوو بە چارەنووسی غەززە تووش نەبن".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خەڵکی لوبنان وڵاتەکەیان لە دەستی حیزبوڵڵا ڕزگار بکەن تاکوو شەڕ کۆتایی پێ بێت.

لە پاش هێرشی تێرۆریستیی چەکدارانی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، حیزبوڵڵای لوبنان بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەو هۆیەوە نزیک بە ٦٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل لە باکووری ئەم وڵاتە ئاوارە بوون.

لە وڵامدا ئیسرائیل لە چەند ئۆپەراسیۆنی جیاوزدا لە یەک مانگی ڕابردوودا سەرەتا هەزاران ئەندامی ئەم گرووپەی لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پێوەندیگرتنیان بە توندی بریندار کرد و پاشان حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری ئەم گرووپە و دەیان فەرماندەی باڵای دیکەی حیزبوڵڵای لەنێو برد و خەسارێکی قورس و بنەڕەتیی لە پێکهاتەی ئەم گرووپە دا.

 

جیا لەمانە ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەمینیش لە لوبنان کردووە و لەحاڵی بەرەوپێشچوون لە ناوچە باشوورییەکانی لوبنانە تاکوو چەکدارانی حیزبوڵڵا بە تەواوی لەم ناوچانە دوور بخاتەوە.