بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٢ی ئیسرائیلی، ئەمریکا و چەند وڵاتێکی عەرەبی وتووێژی نهێنییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئاگربەست لە هەموو بەرەکانەوە دەست پێ کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئیسرائیل لە ئێستادا بەشداری ئەو وتووێژانە ناکات، بەڵام لەو بارەیەوە ئاگادار کراوەتەوە.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا لە سەرەتای حەفتەوە پشتیوانییان لە وڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئێران کرد و چەند کەسێکیان بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە ئەم وڵامدانەوەیە دەبێ لێکەوتەی بۆ کۆماری ئیسلامی هەبێت.
هاوکات واشنگتۆن نیگەرانیی خۆی لە سەرهەڵدانی شەڕێکی تەواو لە ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناوچەیەکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی دەربڕیوە.
جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەینیی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە کردنەئامانجی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئیسرائیلەوە ناکات و هەروەها وتوویەتی ''ئەگەر من لە شوێنی ئەوان بوومایە، جگە لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، بیرم لە بژاردەی دیکە دەکردەوە.''