کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ئەمنییەتی بریتانیا: ئێران یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی بەرچاوی پیلانە کوشندەکان لە خاکی بریتانیایە

12:06 - 18 رەزبەر 2724

کێن مەک کالم، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی بریتانیا کە بە MI5 ناسراوە، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەر، باس لە هەڕەشەکانی وڵاتانی دوژمنکار و گرووپە تێرۆریستییەکان بۆ سەر بریتانیا دەکات، هاوکات ڕایگەیاند کە کارمەندانی ئیتلاعات و پۆلیسی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢ چەندین دۆسییە لەژێر پشتیوانیی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران  لەسەر خاکی ئەم وڵاتە بەرپەرچی ئەو پیلانگێڕییانەیان داوەتەوە و هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر ئیسرائیل وڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بداتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران ئامانجەکانی لە بریتانیا فراوانتر بکات.

هەروەها جەختی لەوە کردووە کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەنجامدانی تێرۆر لە خاکی بریتانیا زیادی کردووە و بریتانیا شاهیدی پیلانگێڕی دوای پیلانگێڕی بووە و بە وتەی کێن مەک کالم، لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٢ەوە، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ناوخۆ و پۆلیسی بریتانیا ٢٠ پیلانی کوشندەیان پووچەڵ کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی کردووە، کە ئەمەش بە بەراورد بە ١٥ حاڵەتی پێشوو یەک لەسەر سێ زیادی کردووە.

سەرۆکی دەزگای ئاسایشی بریتانیا لە ناوەندی فەرماندەیی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆری بریتانیا لە لەندەن ڕایگەیاند کە مەترسی ئەوە هەیە کە پێکدادانەکانی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران - حەماس لە غەززە، حیزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن ڕوو بدات دەبێتە هۆی زیادبوونی هێرشی تیرۆریستی لە بریتانیا.

چالاکیی توێژینەوەی ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوخۆی بریتانیا سەبارەت بە هەڕەشەی دەوڵەتانی دوژمنکار لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٤٨ لەسەد زیادی کردووە و دەریخستووە کە ئێران، ڕووسیە و چین هۆکاری سەرەکیی ئەو هەڕەشانە بوون.

سەرۆکی دەزگای ئەمنیی بریتانیا هەروەها دەڵێت، سەرەڕای هەرەسهێنانی خەلافەتی داعش لە عێراق و سووریە، نیشانەی نیگەرانکەر هەیە کە ئەو گرووپە سەرقاڵی گەڕانەوەیە و وا دیارە دوای چەند ساڵێک لە پاشەکشەکردن، دەستیان پێکردەوەتەوە بۆ هەوڵدان بۆ هەناردەکردنی تێرۆر.

لەلایەکی دیکەوە بە وتەی بەرپرسی دەزگای ئاسایشی بریتانیا، نزیکەی سێ لەسەر چواری پیلانی تێرۆریستی لەم وڵاتەدا بەهۆی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی ئیسلامییەوە بووە.