کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی خۆشناو لە شاری مەهاباد

12:27 - 18 رەزبەر 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەر، عومەر ئاغای قارەمانی ناسراو بە تاڵاو، کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی مەهاباد بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

عومەرئاغای قارەمانی لە ساڵی ١٣٠٩ هەتاوی لە ئاوایی خوڕخوڕەی شاروێرانی مەهاباد لەدایک بوو. پاشان بە بنەماڵەوە كۆچ دەكەن بۆ ناوچەی شامات و لە گوندی تاڵاو نیشتەجی دەبن.

عومەرئاغا قەت دانووی لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایەتی نەدەكوڵا و بە ڕووخان و نەمانی ئەو ڕێژیمە شایی لە دڵدا گەڕا، بەڵام هەر زۆر زوو كەوتە نێو بەرداشی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو و بە درێژایی هەموو تەمەنی ئەو ڕێژیمە كەوتە بەر فشار، ئازار، زیندان و لێپرسینەوە.

دوو جار زیندانی كرا و بە پاساوی ئەوەی کوڕی پێشمەرگەیە هەر دووک جار چەكیان پێ کڕی. جارێک بە هۆی تۆپبارانی گوندەکەیان لەلایەن ڕێژیمەوە بریندار بوو. ماوەیەك ئاوارە بوو و ماڵ و زەوی و زاری لەلایەن ڕێژیمەوە لێ زەوت كرا، بەڵام ئەوەی نەیانتوانی لێی بەستینن ئێرادە و ورەی پۆڵاینی بوو و تا مرد تەسلیمی هیچ دەسەڵاتێك نەبوو.

ماڵی کۆچکردوو، ساڵانیكی زۆر مەكۆی حەوانەوە و حەسانەوەی شۆڕشگیران بوو.

عومەر ئاغای قارەمانی باوكی هاوڕێیانی حیزب لە دەرەوەی وڵات حەسەن، بێژەن و چیا قارەمانی بوو.

 تەرمی ناوبراو ئێوارەی ئەو ڕۆژە لە نێو ئاپۆڕای بنەماڵە و خەڵكی مەهاباد و ناوچەی شامات لە گۆڕستانی تاڵاو  بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.