کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێ ئامادە بێ ئەو دەیباتەوە

19:12 - 18 رەزبەر 2724

کێ ئامادە بێ ئەو دەیباتەوە

 

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

دۆخی ئێستای شەڕ و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جورێک گەرم و لە ناکاو لە گۆڕان‌دایە، کە زۆربەی چاودێران فریای پێشبینی یا شرۆڤەی ڕووداوەکان ناکەون. لە لایەکی دیکەوە زیاتر ئەگەر وەک کورد بڕوانینە دۆخەکە و بە دوای ئەوەدا بگەڕێن کە کوردی بێبەشکراو لە ئازادی چی بە سەر دێ، وێڕای گرینگی لە ڕادەبەدەری دۆخی شەڕ و ئاڵۆزی ناوچە و سیاسەتی وڵاتانی زلهێز و ناوچەیی دەبێ بگەڕێینەوە بۆ نێوخۆ واتە ئەوەی لە کۆتاییدا یەکلاکەرەوە دەبێ کورد بۆ خۆیەتی. بۆچی؟

لانی‌کەم لە سەد ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەنووسی وڵاتان و نەتەوەکانی ناوچەی دیار دەکرد ئێمە نەمانتوانیوە وەک پێویست کەڵکی لێ وەرگرین. دوای داڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و شەڕی جیهانیی یەکەم کە لە ناوچە وڵاتی نوێ بە خەتکێش لە سەر نەخشە دیاری دەکران و پاشایان لە شوێنی دیکە بۆ دەهێنا، ئێمە خاوەن ستراتیژییەکی نەتەوەیی یەکپارچەی دیاریکراو نەبووین. هەروەک لە لێدوانێکی باڵوێزی ئینگلستان لە کوردستان کە لەم دواییەدا بڵاو بۆوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کوردەکان دژی یەکتر بوون. لە کاتێکدا ئیمپراتۆریی عوسمانی بەرەو نەمانی یەکجاری دەچوو، ئەوە بەشێکی کوردەکان بوون پشتیوانی دروست بوونی تورکیەی ئێستایان کرد کە لە سەد ساڵەی  ڕابردوودا چیان بە سەر کورد هێناوە  ئەوە لە هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە.

یان لە کاتێکدا ڕەزای دامەزرێنەری ئێرانی شوێنیستی دەیهەویست بە دەسەڵات بگات لە نێودەستی کوردان بە ڕێزەوە ڕزگاری بوو، و دیتمان کە دواتر چۆن وەڵامی ئەو ڕزگارییەی دایەوە. لە کاتی شەڕی جیهانیی دوویەمیش کە بە لێهاتوویی و زانای پێشەوا توانیمان کۆمارێک بۆ کوردان دابمەزرێ دیسان لە دوای کۆتایی شەڕدا هەر کورد نەیتوانی یەکگرتووانە بەرگری لە کۆمار بکات و  یەکێک لە لاوازترین پاشاکانی دونیا بناغەی دەسەڵاتی نوێی داڕێشت. یان کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران سەر کەوت، بە سەدان هەزار کورد بۆ مافی خۆیان داوای زۆر سادەیان دەکرد، لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامی بە ناوی دانوستاندنەوە کاتی دەکڕی تا بەهێز بوو و ئەو جار چەکمەیان دەرنەهێنان هەتا بتوانن هێزی ڕزگاریخواز لە شار و دێیەکان دەربکەن.

نموونەی ڕاپەرینی باشووری کوردستان و هەروەها دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدامیش نموونەی باشن کە چۆن کوردەکان بوونە بڕبڕەی پشتی زیندووکردنەوەی ئەو دەوڵەتانەی دواتر هێرشیان دەکردە سەر کورد.

لە کاتی ڕوودانی ئەگەری جیاواز لە داهاتووشدا جا ئەو ئەگەرە هەرچی بێ وێڕای گرینگیی ئاراستەی ڕووداوەکان دۆخی ئێمە زیادتر بە خۆمانەوە گرینگە، کە ئایا ئێمە چەند ئامادەی دۆخی نوێین، ئایا پلان و ستراتیژی و بەرنامەی جێبەجێکاری پێویست لە ئەگەری جیاوازدا دانراوە یا ئەو وتەی کارڵ مارکس کە مێژوو دوپات دەبێتەوە بە سەر کورددا دێت.

ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەرەو لاوازی و زیاتر و کۆتایی دەڕوات گومانی تێدا نییە، بەڵام بۆ دوای کۆماری ئیسلامی چی دەبێت بەو دۆخەی ئێستا هەیە کێبەرکێیەکی زۆر بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دروست دەبێت دەبیندرێت. لە کاتی ئەو کێبەرکێیەدا ئەو هێزە دەتوانێ سەرکەوتن بە دەست بێنێ کە زۆرترین ئامادەی هەبێ و بتوانێ لە هەموو دەرفەت و پوتانسیلەکان وەرگرێ.

بە کورتی و کوردی ئەوەی زیاتر ئامادە بێ دەیباتەوە.