کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی بێکاری لە ئێران ٤٥ لەسەدە

19:32 - 18 رەزبەر 2724

شارەزایەکی ئابووری، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئیدعای ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە ژمارەی ڕاستەقینەی بێکاران لە ئێران زیاتر لە ٢٢ میلیۆن کەسە.

محەممەدتەقی فەیازی، کارناسی ئابووریی کەلان وێڕای ڕەتکردنەوەی ئیدیعای ٧.٥ لەسەدیی ڕێژەی بێکاریی ناوەندی ئامار و ئاماژە بە ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ٤١.٧ لەسەدی، وتی: ''زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئێران لە ئاماری فەرمی بێکاری سڕدراونەتەوە و تەنیا نزیکەی ٤٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لە حیساباتی ناوەندی ئاماری ڕێژێم هەژمار دەکرێن.''

ناوبراو شێوازی پێناسەکردنی ناوەندی ئامار لەو کەسانەی کە لە بازاڕی کاردا کار دەکەن بە کێشەی سەرەکیی ئاماری فەرمیی بێکاری لە ئێران ناو برد.

ناوەندی ئاماری ڕێژیم ژمارەی دانیشتووانی ١٥ ساڵ بۆ سەرێی  ٦٥ میلیۆن کەس ڕاگەیاند کە لە نێویاندا ٢٧ میلیۆن کەس چالاکن و زیاتر لە ٣٨ میلیۆن کەسیش ناچالاکن کە بەوتەی فەیازی لەو لێکدانەوەیەدا ٣٠ لەسەد لە حەشیمەتی ناچالاک کە بەرامبەر بە ٢٠ میلیۆن کەسن لە ئاماری ئەو کەسانی کە کارییان هەیە سڕدراونەتەوە.

ئەم کارناسە ئابوورییە زیادی کرد ئەگەر ئەو ڕیژەیە بخرێنە سەر ئاماری بێکاران، ژمارەی بێکاران لە ئێران دەگاتە زیاتر لە ٢٢ میلیۆن کەس و ڕێژەی بێکاری بۆ ٤٥ لەسەد بەرز دەبێتەوە.

فەیازی هەروەها هاوشێوەی کارناسانی دیکەی ئابووری، ئەو ئامارە فەرمییانەی کە لەلایەن ناوەندە ئامارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراون، بە چەواشەکارانە و دەستکاریکردنی ژمارەیی ناو برد و ئەمەش بێمتمانەیی بە کۆمەڵگا زیاتر دەکات.