کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز سەبارەت بە ڕۆڵی گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژاوا

10:34 - 19 رەزبەر 2724

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕاپۆرتێکی لەسەر لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بڵاو کردەوە کە نموونەی جۆراوجۆری هاوکاریی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ باندە تاوانکارییەکان بۆ تێرۆرکردن، هەڕەشەکردن و ڕفاندنی دژبەرانی تاران باس دەکات.

لەگەڵ پەرەسەندنی تێکهەڵچوونەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، تاران بە دەسپێکردنی شەپۆلی هێرش و ڕفاندن لە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا هەوڵ دەدات نائەمنی دروست بکات.

ڕۆیتێرز لە پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکانی دادگا و لێدوانی گشتیی بەرپرسانی حکوومەتی بۆی دەرکەوتووە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە لانیکەم ٣٣ پیلانی تێرۆرکردن یان ڕفاندن لە ڕۆژاوادا هەبووە کە دەسەڵاتدارانی خۆجێیی و ئیسرائیلی بۆ کۆماری ئیسلامیی دەگەڕێننەوە.

ڕەوتێکی سەرەکی لەنێو ئەو پیلانانەی کە ڕۆیتێرز پێداچوونەوەی بۆ کردووە، بەکارهێنانی بکوژە بەکرێگیراوەکانە کە لە ئەندامانی گرووپ و باندە تاوانکارییەکان پێک دێن.

لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە لانیکەم پێنج حاڵەتی تێرۆرکردن یان ڕفاندن کە پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە لەلایەن داواکاری گشتییەوە وروژێنراون.

لەو بارەوە بەڕێوەبەری کاتیی ناوەندی میللیی دژە تێرۆر، کە دەزگایەکی هاواهەنگی هەواڵگریی ئەمریکایە، دەڵێ لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو پیلانی کوشندەی لە دژی بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا، ناڕازییانی ئێرانی، جوولەکەکان و ئامانجە ئیسرائیلییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئەمریکا دەست پێ کردووە.

لە بەرامبەردا نوێنەرایەتیی ڕێژیمی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو شتانەی بە ساختەیی ناو بردووە و وتوویەتی ئەو ئیدعایانە بە مەبەستی لابردنی سەرنج لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەخرێنە بەر باس.