کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکانی تاران لە وڵامی ئیسرائیل

10:36 - 19 رەزبەر 2724

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەر بەمەبەستی وتووێژ لە سەر دۆخی غەززە، لوبنان و ناوچەکە گەیشتە عەرەبستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە چاوپێکەوتنی کرد.

عەباس عێراقچی سەرەتا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، هاوتا عەرەبستانییەکەی دانیشتنێکی هەبووە و بەوتەی میدیاکانی ڕێژیم لەسەر دۆخی ئێستای لوبنان و غەززە و هەروەها ڕێگاچارەیەک بۆ ڕاگرتنی شەڕ وتووێژیان کردووە.

ناوبراو پاشان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی عەرەبستان هەبووە.

پێش سەردانی عێراقچی بۆ عەرەبستان سەرچاوەکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردبوو کە وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا لەهەوڵدان تاکوو بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بتوانن ئاگربەستێک بۆ هموو بەرەکانی شەڕ پێک بێنن.

ئەم هەواڵە دواتر لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ڕەت کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە وڵامی توند بە هێرشە مووشەکییەکەی سپای پاسداران، چەند سەرچاوەی ڕۆژاوایی باسیان لەوە کردبوو کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی کردنەئامانجی کۆمپانیای نەوت و گازی ئارامکۆی عەرەبستان، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە نووسی: "تاران بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە هەرچەشنە هەوڵێک لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بێوڵام نامێنێتەوە".

ئەم بەرپرسە پشتڕاستی کردووەتەوە کە وڵاتانی عەرەبی نابێت ڕێگە بدەن کە ئیسرائیل لە هەرێمی ئاسمانی و بنکە سەربازییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران کەڵک وەربگرێت.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەم سەردانەدا جیا لە عەرەبستان دەچێتە چەند وڵاتی دیکەی عەرەبی کەنداو و وێدەچێت جیا لەو بابەتانەی کە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بەفەرمی باسی لێ کردووە، بەشێک لە دانیشتنەکان سەبارەت بە بێلایەنبوونی ئەم وڵاتانە لە ئەگەری وڵامەکانی ئیسرائیل بۆ تاران بێت.