کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە: حیزبوڵڵا سەرەڕای هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل هێشتا وەک ڕێکخراوێک ماوەتەوە

10:54 - 19 رەزبەر 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز، ماریا زاخارووا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە، حیزبوڵڵا بە باڵە سەربازییەکەیەوە، هێشتا زنجیرەی فەرماندەیی خۆی لەدەست نەداوە و ڕێکخستنی خۆی نیشان داوە و وەک ڕێکخراوێکی سازماندەییکراو کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات.

ناوبراو ئیدعای ئەوەی کرد کە ڕۆژاوا و بەتایبەت ئەمریکا و بریتانیا ئاگری ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشتر دەکەن؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بە سەرکردایەتیکردنی، هەوڵی نێوبژیوانی نێوان ئیسرائیل و حەماسی داوە و  چەندین جاریش هەوڵی داوە پێش بە ململانێکانی کەرتی غەززە و تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بگرێت.

 هەروەها ئەو وتەبێژە ڕەخنەی لە هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا کە بۆ سەر باڵەخانەیەک لە دەمشقی پایتەختی سووریە کرابوو گرت و بە پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەری سووریە ناوی برد.

دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر لە ساڵی ڕابردووە و هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەدا حیزبوڵڵای لوبنان و تاقم و گرووپەکانی دیکە کە ڕێژیمی ئیسلامی پشتیوانیان لێدەکات بە مووشەک هەڵدان و دروستکردنی ئاڵۆزی بەرەیەکی دیکەیان لەدژی ئیسرائیل کردووەتەوە.

هەروەها شایانی باسە کە  ئێستا ترسی ئەوەیان هەیە کە دوای دووهەمین هێرشی مووشەکیی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، لە ١٠ی ڕەزبەردا، ئەم شەڕە فراوانتر بێت و بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی لێبکەوێتەوە، و ئیسرائیل لە ئێستادا خەریکە لێکۆڵینەوە لەوە دەکاتەوە کە چۆن وڵامی هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئێران بداتەوە.