کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی کەرەستەی پزیشکی و گیانلەدەستدانی نەخۆشەکان بەهۆی قەیرانی دراوەوە

11:09 - 19 رەزبەر 2724

کەمیی کەرەستەی پزیشکی لە ئێران هەروا گیانی زۆر کەس دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان دۆخێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکە مەترسیدارتر دەبێت و بەڕێوەبەرانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران فاکتەری سەرەکیی ئەم قەیرانە بە نەبوونی بوودجە و دراو دەستنیشان دەکەن.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣ بوو کە کاربەدەستانی ڕێژیم بەهۆی ناتەرازی بوودجە و بەرزبوونەوەی نرخی دراو بڕیاری گۆڕینی ئەولەوییەتەکانی تەرخانکردنی دراوی دا.

هەر بەو هۆیەشەوە نرخی هەندێک کەرەستەی پزیشکیی گرینگ وەک "ئێستێنت"، "شالدۆن" و پرۆتێزی ئەژنۆ چەند هێندە بەرز بووەوە و بووە هۆی کەمیی ئەو پێداویستییانە.

ڕۆژنامەی ''شەرق'' لە ژمارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەردا باسی لەم قەیرانە کردووە و نووسیویەتی: ''ئەو کەسانەی لە دوور و نزیکەوە هاتوونەتە تاران، پێیان وایە نەخۆشخانەکانی پێتەخت ئەوەندە تەیار کراون کە نەخۆشە نیوە گیانەکان لە مردن ڕزگار بکەن، بەڵام زۆر کەس بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتەوە گیانیان لەدەست داوە.

نەبوونی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی ساڵانێکە بووەتە یەکێک لە قەیرانە جیددییەکانی کەرتی تەندروستیی ئێران، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەم قەیرانە توندتر بووە، تا ئەو ڕادەیەی کە هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی سادەترین کەرەستەی دەرمانی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.