کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یوئاو گاڵانت ڕایگەیاند وڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران کوشندە و ورد و سەرسووڕهێنەر دەبێت

11:29 - 19 رەزبەر 2724

یوئاو گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵامدانەوەی ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکیی ئێران کوشندە و ورد و سەرسوڕهێنەر دەبێت، بە چەشنێک کە ئێرانییەکان تێنەگەن چی ڕووی دا و چۆن بووە.

ناوبراو لە سەردانێکدا بۆ بارەگای ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سەربازی، ئاماژەی بەوە دا کە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هێرشێکی شەڕەنگێزانە بووە، بەڵام ورد نەبوو، و بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لەو هێرشەی ئێراندا زیانیان پێ نەگەیشت.

گاڵانت هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە دەستی ئیسرائیل دەگاتە لوبنان، سووریه، یەمەن، عێراق و هەموو شوێنێکی ناوچەکە و هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەر دەستیاندایە.

هەر لەو پێوەندییەدا، هێرتزی هالوی، سەرۆکی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەبەر ڕایگەیاند، شەڕی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حیزبوڵڵا بەبێ ئەوەی دەرفەتی داڕشتنەوە بە حیزبوڵڵا بدات بەردەوام دەبێت.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی حیزبوڵڵا لە هێرش بۆ سەر شارۆچکەی "مارۆن ئەلراس" لە باشووری ئەو وڵاتە و کشانەوەی هێزەکانی “ئەلرزوان” لە ناوچە سنوورییەکان و لەناوبردنی ٥٠٠ پێکهاتەی ژێرخانی ئەم گرووپە چەکدارە و ناچالاککردنی هەندێک توونێلی ژێرزەمینیی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند.

هەروەها  کەناڵی “١٢"ی ئیسرائیلیش بە پشتبەستن بە زانیاریی بەرپرسانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، وڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئێران کوشندە دەبێت، تەنانەت ئەگەر بە تێچووی وڵامدانەوەی ئێران و لێدانی بینا و شوێنە ستراتێژییەکانیان بێت.