کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیس بۆ پێداچوونەوە بە دوکتۆرینی ناوکیی ڕێژیم

12:04 - 19 رەزبەر 2724

ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی خوازیاری گۆڕینی دوکتۆرینی ناوکی ڕێژیمن و بەم بۆنەوە نامەیەکیان ڕادەستی شۆرای باڵای ئەمنییەت کردووە.

٣٩ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە نامەیەکدا داوایان لە شۆرای باڵای ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی کردووە تاکوو پێداچوونە بە دوکتۆرینی ناوکی بکات.

کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەدا بە دەیان جار ڕایگەیاندووە کە دوکتۆرینی ناوکییەکەی بەپێی فەتوای عەلی خامنەیی سەبارەت بە حەرامبوونی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییە و بۆیە هەوڵی دروستکردنی ئەم جۆرە چەکە لە دوکتۆرینی ناوکی تاراندا بوونی نییە.

لە ئێستادا و هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی مەترسییەکان لە هێرشی قورسی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەروەها ناکارامەبوونی هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لە ئەگەری گۆڕینی دوکتۆرینی ناوکیی ڕێژیم کردووە.

نوێنەرێکی مەجلیس لەپێوەندیی لەگەڵ نامەی ئەم ٣٩ کەسە بۆ شۆرای باڵا ڕایگەیاندووە کە کات و شوێن لە گۆڕینی حوکمە ئایینییەکاندا ڕۆڵی هەیە و لە ویلایەتی فەقێشدا حوکمەکانی وەلی فەقێ دەتوانێت بەم پێیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکەن، پێشتر لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا کەماڵ خەڕازی ڕاوێژکاری خامنەیی لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ئەلجەزیرە باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر ئیسرائیل بیهەوێت هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی دوکتۆرینی ناوکی خۆی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەگۆڕێت.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە کۆتا ڕاپۆرتەکانی خۆی سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە تاران ئۆرانیۆمی پیتێندراوی پێویستی بۆ لانیکەم چوار بۆمبی ئەتۆمی لەبەر دەستدایە و ئەگەری هەیە تەنیا لە ماوەی چەند حەفتەدا بتوانێت یەکەمین بۆمبی ئەتۆمیی خۆی دروست بکات.

باسکردن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن بەرپرسانی ڕێژمەوە بەوتەی خۆیان بەمەبەستی بەرگری یبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندیی لەگەڵ داوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە ئێستادا ڕایانگەیاندووە کە تەنیا مەبەست لە بەرگری و بەرگێڕەوەی ئەم جۆرە چەکەیە و حکوومەت هیچکات ئەم چەکە بەکار ناهێنێت.

ئەم قسانە لەکاتێکدایە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا بە دەیان جار بەرنامە مووشەکییەکانی تارانیان بەئامانجی بەرگری لە خۆ لە قەڵەم دابوو و ڕایانگەیاندبوو کە مووشەکەکانی ئێران تەنیا بۆ بەرگرییە و هیچ ئامانجێکی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە تێدا نییە.